مەسرور بارزانی و حاکمی میرنشینێکی ئیمارات پرسی وەبەرهێنان و پیشەسازی تاوتوێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ سعود بن سەقر ئەلقاسمی، حاکمی میرنشینی رەئس ئەلخەیمە كۆبووەوە.
رۆژی شەممە 26-03-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ سعود بن سەقر ئەلقاسمی، حاکمی میرنشینی رەئس ئەلخەیمە كۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ محەممەد بن سعود ئەلقاسمی، جێنشینی رەئس ئەلخەیمە ئامادەبوو، "گفتوگۆ دەربارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میرنشینی رەئس ئەلخەیمە و ئیمارات بەگشتی کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و گەشتوگوزاردا. ھەردوولا ھاوڕابوون کە لە پەیوەندی و ھەماھەنگیی بەردەوامدابن بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی ھاوبەشن".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان، لە میرنشینی یەکگرتووی عەرەبییە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە کە بڕیارە رۆژانی 28-29ی ئادار لە شاری دوبەی بەڕێوەبچێت و چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە بەشداریی تێدا دەکەن، مەسرور بارزانی-یش یەکێکە لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات لە دوبەی، کە رۆژانی 29-30ی ئادار ئەنجام دەدرێت.