لە 19 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە 19 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر دەبارێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی، 26ـی کانوونی دووەمی 2024، لە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و 9 پارێزگای تورکیا بەفر دەبارێت.
کەشناسیی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، لە پارێزگاکانی خارپێت، چەولیگ، موش، بەدلیس، شرنەخ، جۆلەمێرگ، وان، ئەرزینجان، دێرسم و مەڵەتیی باکووری کوردستان و 9 پارێزگای تورکیا بەفر دەبارێت، هەروەها لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئاگری، ئامەد، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مێردین، سێرت، روها، ئیلهـ و ئەردەخان، بەفر و باران بە تێکەڵی دەبارێت و "پێویستە رێکاری پێویست بگیرێتەبەر."
هاوکات، لەگەڵ بەفربارین، بەتایبەت لەکاتەکانی ئێواراندا بەهۆی بەستنی رێگەوبانەکان هاتووچۆ ئاستەنگی تێدەکەوێت، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیش لەوبارەیەوە هۆشدارییان داوە.
لە بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستان زیاتر لە سێ رۆژە بەفر دەبارێت. دوێنێ لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئیدر، قەرس، ئاگری، وان، موش، بەدلیس و جۆلەمێرگ ـی باکووری کوردستان بەفر رێگەی 591 گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی داخست.