رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات؛ بەڵام دەشڵێت، هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە "هەڵەیە."
رۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە میسر رایگەیاند، "پێموایە ئیسرائیل هەڵە دەکات ئەگەر هێرشی زەوینی بکاتە سەر کەرتی غەززە."
وەکو ماکرۆن ئاماژەی پێکرد، "فەرەنسا بە مافی ئیسرائیلی دەزانێت بەرگری لە خۆی بکات؛ بۆ هێرشی زەوینی، ئەگەر بە تەواوەتی دژی تیرۆریستانی حەماس بێت ئەوە بژاردەیەکە کە ئیسرائیل هەیەتی، بەڵام ئەگەر ژیانی خەڵکی سڤیل بکەوێتە مەترسییەوە، پێموایە ئەوە هەڵەیە."
بە گوتەی ماکرۆن، لە سەرەتای دەستپێکردن شەڕەکەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلەوە 31 هاووڵاتیی فەرەنسی لە شەڕەکەدا کوژراون.
سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی باکووری غەززە کردووە کە باکووری کەرتەکە بەرەو باشوور بەجێبهێڵن و بەردەوامیشە لە تۆپبارانکردنی کەرتەکە بە شێوەیەکی چڕ.
شەڕی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند. لانیکەم تائێستا 7190 کەس لە هەردوولا کوژراون و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل بێت 220 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ