رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل ناوناوە "چلە"، چونکە لە رۆژی چلەی کوژرانی فوئاد شوکر، سەرکردەی حیزبوڵڵادا بوو.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی تۆڵەکردنەوەی فوئاد شوکر، زیاتر لە 320 مووشەکی کاتیوشایان ئاراستەی چەند ئامانجێکی ئیسرائیل کردووە.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکیدا رایگەیاند، "مقاوەمەت جەختی لەوە کردەوە کە تۆڵەی خۆی دەکاتەوە لە رێگەی وەڵامدانەوە بۆ دەستدرێژییەکانی دوژمن. پرسیاری زۆرم لێکراوە بۆچی وەڵامدانەوە هێندە دواخرا و تاوەکو ئێستا نەکراوە؟ ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەمان ناونا ئۆپەراسیۆنی چلە کە چلەی شەهید فوئاد شوکرە."
نەسروڵڵا دەڵێت: "ئێمە دوای بەخاکسپاردنی شەهید سەید موحسین، ئامادەییمان هەبوو بۆ وەڵامدانەوە. گەنجانمان، چەکمان، پلان، توانا و ئیرادەمان هەبوو بۆ وەڵامدانەوە. خاڵی یەکەمی دواخستنی وەڵامدانەوەمان بۆ ئامادەیی زۆر باش و هەستیاری ئەمنی، سەربازی، تەکنیکی، هەواڵگری، ئاسمانی، وشکانی و دەریایی ئیسرائیل و ئەمریکا بووە. ئەمانە لە لووتکەی ئامادەییدابوون."
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بەوەکرد، "پەلەکردن لە وەڵامدانەوە ئەگەری شکستی بەدوای خۆیدا دەهێنا. نەمانویست بە خێرایی بیکەین بۆ ئەوەی ئەنجامەکان کاریگەر بن. دووەمیش، ئامادەیی زۆر باشی خۆمان بوو لە رووی تەکنیکی، سەربازی، ئەمنی و داراییەوە."
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی هۆکاری دیکەی دواخستنی هێرشەکانیان خستەڕوو و رایگەیاند، دۆخێکی دەروونی سەختمان دروستکرد. ئەمە جگە لەوەی کە پشکی بۆرساکانیان بەردەوام لە داکشان و زەرەر بوو. گوتیشی: "هێشتا وەڵامی ئێران و یەمەنیش ماوە."
خاڵی کۆتایی دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکەش بۆ هەوڵی ئەمریکا بوو لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە. راشیگەیاند، کاتێک نزیکبووینەوە لە یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە، ئەمریکا پرسی ئاگربەستی راگەیاند بۆ ئەوەی دۆخەکە لە غەززە هێور بکرێتەوە. لەم کاتەدا هێرشکردن دەبووە هۆی ئەوەی ئەوان دۆخەکە بقۆزنەوە و بەمە تۆمەتبارمان بکەن کە گرژی دروست دەکەین و لایەنگری هێورکردنەوەی دۆخەکە نین.
باسی لەوەشکرد کە "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە هێرشەکان بۆ سەر غەززە بوەستێت. دواتر بۆمان دەرکەوت نەتانیاهوو لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بۆ قۆناخی نوێ ئامادە بکات و ئەمریکاش لەگەڵ قۆناخەکەدا خۆی دەگونجێنێت. ئیدی لەمە زیاتر چاوەڕێکردن هیچ مانایەک و سوودێکی نەمابوو. لە کۆتاییدا بڕیارماندا بە شێوازی جیاواز و لە چەند بەرەیەکی دیاریکراودا دەست بووەشێنین."
لەبارەی ئامانجی هێرشەکانیان، حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاند، "بڕیارماندا ئامانجەکان نابێت سڤیل بێت، نابێت ژێرخان بکرێتە ئامانج، دەبێ ئامانجەکان سەربازی بن لەناو ئامانجە سەربازییەکان ئەو دامەزراوانە بکرێنە ئامانج کە پەیوەندییان بە شەهیدکردنی فوئاد شوکر هەبوو. ئامانجەکانیش هەواڵگریی سەربازی و هێزەکانی ئاسمانی بوون. جەختمان لەوەکردەوە ئامانجە سەربازییەکە زۆر نزیک بێت لە تەلئەبیب. دەمانتوانی عەکا و تەبەرییە و حەیفا بکەینە ئامانج بەڵام مەبەستمان بوو ئامانجی قوڵتر بپێکین."
راشیگەیاند، ئامانجی سەرەکی هێرشەکەیان بنکەی گیلیلۆت و یەکی 8200ـی هەواڵگری بوو، کە بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتنی سەرکردە چالاکەکانی، هێرشی سایبەر، کۆکردنەوەی زانیاریی و ئامادەکاریکردن بۆ جموجووڵی سەربازی. لەپاڵ ئەمەشدا ئامانجی لاوەکی دیکەشیان هەبووە بۆ ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکە بشارنەوە و دەرفەت بدرێتە درۆنەکانیان بۆ ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکان بپێکن.
راشیگەیاند، هەردوو ئامانجە سەرەکییەکە 110کم لە سنوورەکانی لوبنان دوورن و تەنیا 1500 مەتر لە دەروازەی تەلئەبیب نزیک بوون. ئامانجی دووەمیش کە لە ناوچەی عەین شیما بووە 75 کم لە سنووری لوبنان و 40 کم لە سنووری تەلئەبیب دوور بوو. گوتیشی درۆنەکانمان گەیشتنە ئەوێ.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی لەژێر فەرماندەیی فەرماندەیی باکوور و دەستەی هەواڵگری هەڵساون و، هەزاران سەکۆی مووشەکهەڵدانی حیزبوڵڵای تیرۆرستیان تێکشکاند، کە لە باشووری لوبنان جێگیر کرابوون."
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، سەکۆکان ئاڕاستەیان بەرەو باکووری ئیسرائیل و هەندێکیشیان بەرەو ناوەڕاستی وڵات بوون.
نەداف شوشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حیزبوڵڵا "سەتان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە، زۆربەیان دوای ئەوە بوون، کە ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکەی کرد."
هەروەها گوتی "ئەمە بەشێک بوو لە هێرشێکی گەورەتر کە پلانی بۆ دانرابوو. توانیمان بەشێکی زۆری پلانەکە بەیانیی ئەمڕۆ شکست پێبهێنین."
گوتەبێژەکە ئاشکراشی کرد سوپای ئیسرائیل هێشتا لە قۆناخی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هێرشەکەیە و هێشتاش تەقەکردن بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ