191 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست رزگارکران
رووداو دیجیتاڵ
پزیشکانی بێسنوور 191 کۆچبەریان لە دەریای نێوەڕاست رزگارکرد دوای ئەوەی بزووێنەری بەلەمەکەیان لە کەشێکی مەترسیداردا لەکارکەوت.
بەگوتەی پزیشکانی بێسنوور، بەلەمەکەی کۆچبەران چوار رۆژ بوو لە دەریای نێوەڕاست پەکیکەوتبوو. 191 کۆچبەرەکە لە دۆخێکی مەترسیداردا بوون، خۆراکیان لێبڕابوو و دووچاری ترسێکی گەورەش بووبوون.
بەهۆی زۆری ژمارەیان، کۆچبەرەکان لە پێنج ئۆپەراسیۆنی یەک بەدوای یەک رزگارکران، سەرجەمیان برانە بەندەری سالێرنۆ لە ئیتاڵیا.
بەگوێرەی ئاژانسی کۆچبەری جیهانی، لەسەرەتای ساڵەوە تاوەکو 17ـی ئاب، زیاتر لە 1000 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست بێسەروشوێن بوون یاخود خنکاون.
لە کۆی 1024 کۆچبەر مردنی 421 کۆچبەریان پشتڕاست کراوەتەوە و 603ـیان بێسەروشوێنن.