لە بەرامبەر ئینجەرلیک هەرێمی ئارام دەدرێتە تورکیا
رووداو- ئیستەنبوڵ
ماوەی سێ ساڵە تورکیا داوای "هەرێمی ئارام" دەکات، دواجار ئەمریکا و تورکیا لەسەر هەندێک هەنگاو لەبارەی سووریاوە رێککەوتن.
بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی میدیای تورکیا باسی لێوە دەکات، بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک لە تورکیا بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتانە دەکرێتەوە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییان دژی داعش پێکهێناوە.
لەبەرامبەر تەرخانکردنی بنکەی ئەنجەرلیک ئەمریکا بەڵێنی بە تورکیا داوە بەقوڵایی 90 کم "هەرێمی ئارام" دروستبکرێت.
هەرێمی ئارام لە کوێ دەبێت؟
هەرێمی ئارام دەکەوێتە سنووری نێوان تورکیا- سووریا و لەنێوان مارع - جەرابلوس بە قوڵایی 90 کم دەبێت، ئەو 90 کیلۆمەترە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە چاودێری دەکرێت، لە کاتی پێویستیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەتوانن ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تێدا ئەنجام بدەن.
بنکەی ئەنجەرلیکیش بۆ چاودێری تەکنیکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان کراوە دەبێت و تیمێکی سەربازی 40-50 کەسی دەچنە ئەنجەرلیک. هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی ئەنجەرلیکەوە چاودێری سووریا دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە تورکیا لە ساڵی 2011ـەوە رێگای بە ئەمریکا داوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بنکەی ئەنجەرلیکەوە بۆ چاودێری ئەمنی لە سووریا بەکاربهێنێ و لەوکاتەوە 4 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان براونەتە ئەو بنکەیە، لە مانگی ئاداری 2011ـش یەکێک لە فڕۆکەکان لە لازقییە کەوتەخوارەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارە ئەنتۆنی بلینکەن، یاریدەدەری وەزییری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تورکیا بکات.
سەردانەکە 30 تەمموزی 2015 ئەنجامدەدرێت و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە، بەپێی هەواڵیکی میدیای تورکیا جگە لە کۆبوونەوەی بلینکەن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دیدارێک ئەنجامدەدات.
بلینکەن بەر لەوەی سەردانی تورکیا بکات لە 27 تاوەکو 30 تەمموز سەردانی ئیسپانیا، ئیتالیا و ڤاتیکان دەکات.
هەرێمی ئارام چییە؟
هەرێمی ئارام كە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێ buffer zone ، ئەو ناوچانەن كە وەك كەلێنێك دەخرێنە نێوان دوو گرووپ یاخود لایەنی شەڕ، بۆ ئەوەی لەیەكدی جیاببنەوە و سەنگەر لەیەكدی نەگرن. بەزۆریش لەنێوان هێزە سەربازییەكاندا دروستدەكرێت، كە ئامانج لێی پاراستنی خەڵكی سڤیلە لەو شەڕانەی لە ناوچە و وڵاتێكی دیاریكراودا روودەدات، سنووری هەرێمی ئارام پێویستە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەستنیشان بكرێت.
یەكێك لە نموونەی ئەو هەرێمە ئارامانەی كە لەمێژووی نزیك دانرا، 23 ساڵ لە مەوبەر و دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكەی كورد لە ئاداری 1991 بوو، كاتێك ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێڵی 36ی وەك ناوچەی پارێزگاری بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكرد، لەوكاتەوە فڕۆكە جەنگییەكان و سوپای عێراق رێگەی لێگیرا لە ئاسمان و زەوی لەڕووی سەربازییەوە مەترسی بخاتە سەر باشووری كوردستان.
توركیا لە مانگی تشرینی یەكەمی 2011، واتە دوای 7 مانگ لە دەستپێكردنی شەڕی نێوخۆیی سووریا، بیری لە پێكهێنانی هەرێمێكی ئارام كردووەتەوە و هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردوون. پەرلەمانی توركیا ساڵی 2014 پڕۆژەبڕیارێكی پەسندكرد، كە رێگا بە هێزە چەكدارەكانی توركیا دەدات لەدەرەوەی سنووری وڵاتەكەیان ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەن.