سعودیە 60 هەزار سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی لە ئوردنەوە هاوردە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سعودیە هاوردەکردنی ئاژەڵی لە ئوردنەوە دەستپێکردەوە، کە بەهۆی بوونی نەخۆشی لە ئاژەڵەکاندا وەستاندبووی، جووڵە لە مەیدانی ئاژەڵانی عەمان دەستیپێکردووەتەوە. لە سێ رۆژی رابردوودا، 60 هەزار سەر ئاژەڵ لە ئوردنەوە هەناردەی سعودیە کراون. هۆکاری ئەو هاوردەکردنە زۆرەش، دەستپێکردنی فەریزەی حەجە.
 
محەممەد دەبیس، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "سوپاس بۆ خودا، هەموو شتێک باشە، ئەو کاتەی هەناردە وەستا زۆر کەس زیانیان کرد، ئێستا باش بووەتەوە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی سعودیە، ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار کەس فەریزەی حەج دەکەن. بەگوێرەی رێکخراوی تۆڕی زانیاریی کشتوکاڵی نێودەوڵەتی، سعودیە ساڵانە نزیکەی هەشت ملیۆن سەر ئاژەڵ هاوردە دەکات.
 
خالد حەنیفەت، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن گوتی، "وەک بەشێك لە سەردانەکەی وەزیری ئاو، ژینگە و کشتوکاڵ بۆ ئوردن، هەناردەکردنی ئاژەڵ لە ئوردنەوە بۆ سعودیە دەستیپێکردەوە. ئاژەڵی خۆماڵی خواستێکی زۆر لەسەرە بە تایبەت لە سعودیە و وڵاتانی کەنداو."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیە، لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022، تەنیا بەهۆی حەجەوە 100 هەزار هەلی کاری بەردەوام رەخساوە و 150 ملیار دۆلار داهاتیشی بۆ حکومەتی سعودیە پەیدا کردووە.