د. محەممەد عەرەب: سەردانی نێچیرڤان بارزانی قۆناخێکی نوێی هاوئاهەنگییە لەگەڵ ئیمارات

24-05-2024
هێمن عەساف
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئال نەهیان لە ئەبوزەبی.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئال نەهیان لە ئەبوزەبی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە دەڵێت، دیداری نێچیرڤان بارزانی و شێخ محەممەد بن زاید سەرەتایەکە بۆ قۆناخی هاوئاهەنگی لەنێوان ئیمارات و کوردستان و کەنداو. 
 
د. محەممەد عەرەب، سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، نێچیرڤان بارزانی بە سیاسەتڤانە "کەشخە و هۆشیارەکەی کوردستان" وەسفکرد.
 
محەممەد عەرەب گوتی: "بۆچوونی تایبەتی خۆمم لەبارەی کاک نێچیرڤان هەیە. سیاسەتڤانێکی کەشخەیە، بە سیاسەتڤانە کەشخەکە ناوی دەهێنم. پشت بە پرۆپاگەندە و هەڵکشاندنی میدیایی نابەستێت. هەمیشە بە ئاراستەی دەستپێشخەریکردن هەنگاو دەنێت و پردی گەیشتنە بۆ هاوئاهەنگیکردن."
 
لەبارەی شێخ محەممەد بن زایدیشەوە گوتی: "یەکێکە لە سەکردە ژیر و هۆشیارەکانی کەنداو. بەردەوام پشتیوانی عێراق و کوردستانە. کاک نێچیرڤان بەو هۆشیارییە سیاسییەی هەیەتی و بەو میراتە سیاسییەی لە خێزانە رەسەنەکەی بۆی ماوەتەوە لەگەڵ پشتیوانی گەلی کوردستان و حکومەتی بەڕێز مەسرور بارزانی، پێموایە دەتوانێت لە رێگەی ئەو دیدارە و کرانەوەی لەگەڵ کەسایەتییەکی بەهێزی وەک خاوەن شکۆ شێخ محەممەد بن زاید، دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناخی هاوئاهەنگی لەنێوان ئیمارات و کوردستان و وڵاتانی کەنداویش."
 
رۆژی هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیمارات و لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا "هه‌ردوو سه‌رۆک زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌ته‌كانى به‌ره‌وپێشبردن و بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيمارات له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا تاوتوێ ده‌كه‌ن."
 
وڵاتانی کەنداو و بەهێزکردنی پێگەیان لە هەرێمی کوردستان
 
سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە، کوردستان بە دەرفەتێکی سەرنجڕاکێش بۆ هەموو وڵاتان دەناسێنێت بەهۆی ئەوەی خاوەندارێتیی تایبەتمەندی ئابووری زۆر باشی هەیە لە کشتوکاڵ، کانزاکان و پیشەسازیش. پێیوایە کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ کرانەوەی ئابووری بە رووی هەموو وڵاتێک بەهۆی ئەوەی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی هەیە.
 
باس لەوەش دەکات، دەکرێ کوردستان ببێتە پردی پەڕینەوە بۆ نێوخۆ و دەرەوە و ماوەیەکە بەرووی کەنداو کراوەتەوە؛ "ئێستاش کە دوای فراوانکردنی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانیەتی لەگەڵ سعودیە، ئیمارات و وڵاتانی دیکەشدا دەگەڕێت، مافی خۆیەتی."
 
محەممەد عەرەب دەڵێت: وڵاتانی کەنداویش چاویان لەم خاڵە جوگرافییە زۆر ئارام و سەقامگیرەیە: "بەهۆی بەپیتی خاکەکەی لە رووی کشتوکاڵ و کانزاشەوە، دەستی کاری کوردیش زۆر کارا و لێهاتوون. بۆیە کارێکی نامۆ نییە کاتێک وڵاتانی کەنداو بیانەوێت بەڕووی کوردستاندا بکرێنەوە. دەمێکە ئاماژەم بەم کرانەوەیە کردووە، هیچ بەربەستێک نییە هەموو کەنداو لە کوردستان کار بکەن. بۆیە کاتێک ئیمارات و سعودیە بەهێزەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، وڵاتانی دیکەی کەنداویش لارییان نابێت بۆ بەهێزکردنی پێگەیان لە هەرێمی کوردستان."
 
"وەبەرهێنەران چاویان بڕیوەتە هەرێمی کوردستان"
 
بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان، د. محەممەد عەرەب دەڵێت: "ئەو سیاسەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا گرتوویەتییەبەر، کە هاوسانگی پاراستووە لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی و پابەندی پلانێک بووە سەرنجی وڵاتان بۆ خۆی رابکێشێت. وایکردووە وەبەرهێنەران کە ئێستا چاویان ببڕنە کارکردن لەم هەرێمە ئارام و سەقامگیر و پڕ دەرفەتە."
 
لەبارەی پەیوەندی هەولێر و ئەبوزەبی، ئەوەی خستەڕوو کە پەیوەندیکردن بە لایەنە سەرکەوتووەکان، خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە. "کوردستان زۆر ژیرانە بیر دەکاتەوە کاتێک پەیوەندییە ئابوورییەکانی بە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو و سەرکەوتووەوە گرێدەدات، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی لە رووی تەکنۆلۆژیا و بەڕێوەبردنی سامانەکان و پیشەسازییەکاندا پێشکەوتوون."
 
دەشڵێت: ئەمە دەبێتە ئەزموونێکی زۆر گرنگ بۆ کوردستان. ئەم هەنگاوانە بە هەنگاوی ساڵ بۆ کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێن. هەنگاوی بوێرانەن و مایەی رێزە بەهۆی ئەوەی بە ئاراستەی راست و دروست هەنگاو دەنێن، ئەمەش هەنگاوێکی ئاسۆ روونە بۆ داهاتوویەکی گەش."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئەو هەنگاوانەی نراون زۆر درەنگە، بەڵام دڵنیا بووە لەوەی رۆژێک دێت ئەم هەنگاوانە دەنرێن. بە هاتنی ئیمارات و سعودیە، دڵنیایە وڵاتانی دیکەش هەمان رێچکە دەگرنەبەر. کوردستان دەتوانێت زۆر شت بە هاوبەشەکانی بدات. 
 
"هەرێمێکی دەوڵەمەند هەیە و دەستی کاری زۆر لێهاتوو و کارامەی هەیە و فەرمانڕەواییەکی میانڕەویشی هەیە. حوکمڕانی سیاسیی و ئابووری کوردستان لە زۆربەی وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکە میانڕەوترە و ئەمەش سەرنجی وەبەرهێنان رادەکێشێت. یاسایەک هەیە دەڵێت: سەرمایە بەر لە قازانج و پارە، بە دوای ئارامی و سەقامگیریدا دەگەڕێت. کوردستانیش ژێرخانێکی بەهێزی هەیە لە ئارامی و سەقامگیری."
 
کشتوکاڵ، کانزا و وزە، مایەی بایەخی ئەم توێژەر و شرۆڤەکارە عەرەبەیە و پێیوایە هەنگاوی یەکەمی پەیوەندییەکان، بەرەو پێشبردنی زیاتری کشتوکاڵ دەبێت. دواتر روو لە پیشەسازیی و کانزاکان دەچن. سەرباری ئەوەش کار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن دەکەن بەهۆی ئەوەی با و باهۆز و تیشکی خۆری زۆری هەیە، هەموو ئەمانە فاکتەری هێزن. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کوردستان دەتوانێت ببێتە ترانزێت، چونکە ئەمە کەرتێکی زۆر کارایە و رۆژ دوای رۆژ خواست لەسەر ترانزێت زیاد دەبێت. کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری لەنێو سنووری جوگرافیای عێراقدا پڕە لە سیلیکانی پاک کە بۆ پیشەسازیی پێشکەوتوو بەکاردەهێندرێت. هەموو ئەم دەرفەتانە زۆر گرنگن سوودی لێ وەربگیرێت. ئەمە جگە لە کەرتی گەشتوگوزار کە کوردستان جوگرافیایەکی زۆر ناوازەی هەیە و هاوکارە بۆ گەشەپێدانی کەرتەکە. 
 
"پیشەسازیی گەشتیاریی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێی زۆر پێشکەوتووترە، بەهۆی ئەوەی گەلی کورد مامەڵەی زۆر تایبەتیان لەگەڵ هەموو گەشتیاران هەیە و میواندۆستن. ئەم فاکتەرانە هاندەرن بۆ ئەوەی گرووپی گەشتوگوزاری زۆر پێکبهێندرێت و بە بەردەوامی روو لە کوردستان بکەن."
 
دۆزینەوەی کانزای نایاب، خاڵێکی دیکەی سەرنجی سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە بوو. پێداگری لەوە دەکات کوردستان خاوەنی چەندین کانزای زۆر گرانبەهایە، وڵاتان ریز دەگرن بۆ گەیشتن بەم کانزایانە و هەموو شتێک دەکەن بۆ دەستکەوتنیان.
 
ئەو دەڵێت: "کوردستان لەسەر دەریایەک لە کانزادا دەژی. تەنیا باس لە کانزا کلاسیکەکان ناکەم، کە زێڕ و ئاسن و چەند کانزایەکی دیکەیە. خۆم لە رێگەی سیستمی ژیری دەستکردەوە، سێرچم بۆ کانزا زۆر گرنگەکانی کوردستان کردووە کە حەوت کانزای زۆر نایابی هەیە کە پەیوەندییان بە پسپۆڕییە زۆر هەستیارەکانەوە هەیە و کانزاکان لەناو دۆڵ و چیاکاندا دەبینرێن. ئەگەر کوردستان تەنیا بەیەک راگەیێندراو دۆزینەوەی ئەم کانزا نایابانە رابگەیێنیت و بۆ جیهان بڵاوبکاتەوە، هەموو وڵاتان پێشبڕکێ دەکەن بۆ گەیشتنیان بەم کانزایانە".
 
 
دەشڵێت: "ئێوە لە قۆناخێکی زۆر گرنگدان. وەک توێژەرێک و روانگەوانێک پێموایە ئێوە لە قۆناخێکی وەرچەرخاندا دەژین. کاتێک مەزنەکان روو لە ئێوە دەکەن، کە مەبەستم لە زڵهێزە ئابوورییەکانە وەک ئیمارات و سعودیە کاتێک روو لە کوردستان دەکەن، دوای ئەوە روو لە کوردستان دەکەن کە توێژینەوەیەکی زۆر قوڵیان کردووە و زانیاری زۆر وردیان وەرگرتووە. ئەم پەیوەندییە بەهێزە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیی کورد و حکومەتی هەرێم دەبێت. کوردستان ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە کۆمپانیاکان و پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیاکان. ئەمە سیانییەکەی زۆر گرنگە؛ کورد وەک کەسایەتی زۆر مەبەستیەتی میوانەکانی بپارێزێت و بۆ ئەمەش هەموو کارێک دەکات."
 
ئەوەشی خستەڕوو کە ئارامی و ئاسایش ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو لە کوردستان بەردەستە. ئەم هەموو فاکتەرە زۆر گرنگە مایەی سەرنجی وڵاتە زڵهێز و مەزنەکانە لە رووی ئابوورییەوە. کوردستان دەتوانێت ببێتە بەیەکگەیشتن لەنێوان جیهانەی عەرەبی لەلایەک و ئەورووپا لە رێگەی تورکیا و دواتر ئاسیا لە رێگەی ئێرانەوە. کوردستان بەم هەموو تایبەتمەندییە و ژێرخانە بەهێزەیەوە دەکرێ ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتن لەنێوان جیهانی عەرەبی، ئەورووپا و ئاسیا. زۆر خۆشحاڵم بەم هەنگاوە کە چەندین ساڵە داوام دەکرد بنرێت. پێموایە کوردستان ئێستا لە رێگەی دروستدایە.      
 
لەبارەی خەونی کورد، سەرۆکی ناوەندی عەرەب بۆ روانگە و توێژینەوە گوتی: "کورد بنمیچێکی سنوورداریان بۆ خەونەکانیان نییە. ئێوە گەلێکن تامەزرۆی ئازادین، تامەزرۆی کراوە بوون و دۆستایەتی و هاوبەشیکردنن. ئەمەش تایبەتمەندی گەلە پێشکەوتوو و سەرکەوتووەکانن. بەپێی ئەزموونەکانم، کورد لە هاندەران سەرکەوتنی زۆر گەورەیان تۆمارکردووە. ئێمە لە ئەوروپا بەدوای ئەو ناوچانەدا دەگەڕێین کە کورد بەڕێوەیان دەبات. بەدوای چێشتخانە و هۆتێل و تەنانەت مارکێتەکان و زۆنی بەبازاڕکردنەکاندان. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە بۆچوونەکانمان لە خاڵێکی گرنگەوە سەرچاوەی گرتووە کە پابەندبوونیی تاکی کوردە بە کولتوورێک ریشەی داگرتووە جا لەسەر ئاستی پەیوەندییە مرۆییەکانەوە بێت یان لەسەر ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە بێت."
 
دووپاتی کردەوە، کە هاتنە سەر هێڵی سعودیە و ئیمارات و دواتر وڵاتانی دیکەش هێشتا کرانەوەیەک و هاتنە سەر هێڵێکی راستەقینە نییە. پێموایە 2024 دەستپێکێکی باش دەبێت و پێموایە لە سێ ساڵی داهاتوودا وڵاتانی کەنداو زۆر بەهێز و جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە دێنە سەر هێڵ. بەتایبەتی دوای ئەوەی بۆیان دەردەکەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بەرەو پێشتر دەچێت و فراوانتر دەبێت.
 
پێیوایە ئەمڕۆ کوردستان لە دووڕیانێکدایە ئەگەر حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی کورد توانییان دەرفەتی هاتنە سەر هێڵی زڵهێزە ئابوورییەکان بۆ گۆڕەپانەکانیان بقۆزنەوە، "ئەوسا هەموو جیهان روو لە ئێوە دەکات و لە بەرژەوەندی ئێوە دەبێت چونکە ئێوە خاوەن خێر و بێری زۆرن و ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیتان بۆ فەراهەم دەکات، لە رووی ئابووریشەوە زۆر دەوڵەمەندتر دەبن. ئێستا ئێوە هەرێمێکن لەسەر کانزا و سامانی سروشتی زۆر دەوڵەمەند دا دەژین، بەڵام با یاسا گرنگەکەتان وەبیر بهێنمەوە کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی داهاتەکان کە هەندێکجار لە خودی ئەم داهاتانە زۆر گرنگترە."
 
دەشڵێت: "دەبێ بە پلان ئەم داهاتانە بەڕێوەببرێن بۆ ئەوەی بەرەو پێش بچن و بەڕێوەبردنەکەش بەبازاڕ بکرێن. ئامۆژگاریم بۆ برایانی کورد ئەوەیە، ئەگەر بێتوو بە شێوەیەکی دروست و زانستیانە داهاتەکانیان بەڕێوەببەن، ئەوسا بەرەو رەهەندێکی زۆر جیاواز هەنگاو دەنێن. هەروەها دەبێتە سەرچاوەی پازدان بۆ قۆناخێکی ئابووریی گرنگتر."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: بارمتەکان ئازاد نەکرێن، دەست بەسەر غەززە دا دەگرین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشە لە حەماس دەکات و دەڵێت، ئەگەر بەزووترین کات بارمتەکان ئازاد نەکەن، سوپاکەی هەر لەنێو کەرتی غەززە دەمێنێتەوە و دەستی بەسەردا دەگرێت، حەماسیش دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە رانەگرێت، بارمتەکانیان لەنێو "کفن"دا، بۆ دەگەڕێننەوە.