دوایین زانیاری لەسەر شوێنی ئەبوبەکر بەغدادی
رووداو ـ هەولێر
بەپێی نوێترین زانیاری راپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەبوبەكر بەغدادی كە ناوی لە سەرووی لیستی داواكراوانی جیهانە و خەلافەتی لەسەر رووبەرێكی هاوتای رووبەری بەریتانیا راگەیاند، ''لەنێو ئەشكەوتەكانی سووریا خۆی حەشارداوە'' و رێكخراوەكەشی پەرتەوازە بووە.
سەردەمێك بەغدادی لەسەر رووبەرێكی فراوان لە سووریا و عێراق حوكمڕانی حەوت ملیۆن كەسی دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ سەركردایەتی چەند چەكدارێكی پەرتەوازە دەكات كە خۆشیان ناتوانن شوێنی بدۆزنەوە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاداشتی 25 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردوە بۆ هەر كەسێك لەدەستگیركردنی بەغدادی تەمەن 47 ساڵ هاوكاری بكات.
ئەبوبەكر بەغدادی كە پشتیوانەكانی بە ''تارمایی'' ناوی دەبەن، پێشتر لە چەند هێرشێكی ئاسمانی رزگاریبووە و تەنیا یەك جار برینداربووە، هاوكات بەدەست نەخۆشی شەكرەش دەناڵێنێت.
هیشام هاشمی، پسپۆڕ لە بواری تووندەڕەوەكان دەڵێت "سێ كەس پارێزگاری لە بەغدادی دەكەن، جومعەی برا گەورەی، شوفێرەكەی، عەبدوللەتیف جبووری پاسەوانی تایبەتی و پۆستەچیەكەی ناسراو بە سعود كوردی، بەپێی زانیارییەكان ئەوانە هەموویان لە ناوچەی بادیەی بیابانی شامن لە ناوەڕاستی سووریا بەرەو سنووری عێراق درێژدەبێتەوە، لە سەرەتای مانگی تەممووزی رابردووش هەواڵگری عێراق رایگەیاند: لە ئەنجامی مووشەكبارانی كردنی حەشارگەیەك لە لایەن رووسیا، حوزەیفە بەدری كوڕی بەغدادی لە سووریا كوژراوە، ئاژانسی ئەعماقی داعشیش هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە".
یەكەم دەركەوتنی ئاشكرای ئەبوبەكر بەغدادی لە مانگی تەممووزی ساڵی 2014 لە عێراق بوو، لەمیانی پێشكەشكردنی گوتاری رۆژی هەینی لە مزگەوتی گەورەی نووری لە رۆژئاوای موسڵ، كە دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی راگەیاند.
ئەبوبەکر بەغدادی کێیە ؟
ناوی ئیبراهیم سامەڕائییە
1971 لە سامەڕا دایکبووە
خوێندنی ئامادەیی لە سامەڕا تەواوکردووە
زانستە ئیسلامیەکانی لە زانکۆی بەغدا خوێندووە
لە 2004 لە گرتووخانەکانی ئەبوغرێب و بوکا زیندانی بووە
2013 لە رێکخراوی قاعیدە جیابووەوە
2014 خۆی وەک خەلیفەی داعش ناساند
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن