لایەنەکانی شەڕی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێکدەکەون

23-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی ئاشتیدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی دەکات، رۆژی شەممە، لایەنەکانی شەڕی یەمەن لەسەر ئاگربەستێکی نوێ رێککەوتن.  
 
ئەم پێشهاتە نوێیەی جەنگی نۆ ساڵەی یەمەن، لە لایەن هانس گرەندبێرگ، باڵیۆزی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو وڵاتە راگەیێندرا. 
 
جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی لە یەمەن کە بە خراپترینی جیهان دادەنرێت. 
 
ئاگربەستەکە دوای ئەوە دێت کە باڵیۆزە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عومان و سعودیە لەگەڵ رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن و محەممەد عەبدولسەلام، دانوستاندنکاری باڵای حووسییەکان کۆبووەوە. 
 
حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن لە لایەن سعودیە و ئیمارات و حووسییەکانیش لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، گرەندبێرگ "پێشوازی لە پابەندبوونی لایەنەکان بە ژمارەیەک رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی سەرتاسەری و دەستکردن بە ئامادەکارییەکان دەکات بۆ درێژەدان بە پڕۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر."
 
باڵیۆزەکە "هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکان دەکات بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەک لە ژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم پابەندبوونانە و پشتیوانی جێبەجێکردنیان لەخۆدەگرێت."
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 حووسییەکان سەنعای پایتەختیان کۆنترۆڵکرد، یەمەن کەوتە نێو ململانێیێکی خوێناوییەوە و لە ساڵانی دواتردا سعودیە هاوپەیمانیێکی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پێکهێنا بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەت. 
 
ئاگربەستێک کە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیسانی 2022 چووە واری جێبەجێکردنەوە، بووە هۆی ئەوەی گرژییەکان بە شێوەیەکی گەورە کەمببنەوە. ئاگربەستەکە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو کۆتاییهات، بەڵام شەڕەکە بە زۆری بە وەستاوی مایەوە. 
 
ئەو نەخشەڕێیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانەی ململانێیەکە ئامادەی دەکات، چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، لەوانەش دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، کردنەوەی ئەو رێگەیانەی بەرەو شاری گەمارۆدراوی تەعز و شوێنەکانی دیکەی یەمەن دەڕۆن، هەروەها دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمە وەک راگەیێندراوی نووسینگەی باڵیۆزەکە روونیدەکاتەوە. 
 
گرەندبێرگ گوتی: "یەمەنییەکان سەیری ئەم دەرفەتە دەکەن و چاوەڕێیدەکەن تاوەکو ئەنجامی راستەقینە و پێشڤەچوون بەرەو ئاشتیی بەردەوامی لێ بەرهەمبێت. لایەنەکان هەنگاوێکی گرنگیان ناوە. ئەرکەکەیان، یەکەم و پێش هەر شتێک، بەرپرسیاربوونە بەرامبەر بە خەڵکی یەمەن."
 
هێرشەکانی دەریای سوور
 
رێککەوتنەکە لە کاتێکدا دێت کە وەک هاوسۆزیێک بۆ خەڵکی غەززە، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور زیادیانکردووە. 
 
حووسییەکان بەڵێنیانداوە کە هێرش بکەنە سەر هەر کەشتیێکی پەیوەندیدار بە ئیسرائیلەوە، ئەگەر ئیسرائیل جەنگەکەی بۆ سەر غەززە نەوەستێنێت، کە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردوگا جونشینەکانی دەوروبەری غەززە دەستیپێکردووە. 
 
بە گوێرەی پێنتاگۆن، حووسییەکان لە دوای جەنگەکەوە، زیاتر لە 100 ‌هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر سەر 10 کەشتیی بازرگانی کە پەیوەندییان بە35 وڵاتەوە هەیە. 
 
ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی پەککەوتنی رێگەیەکی بازرگانیی جیهانیی دەریایی کە 12٪ی کۆی بازرگانی جیهانی پێدا دەڕوات، ئەوەش وایکردووە ئەمریکا هاوپەیمانیێکی فرەنەتەوەیی دەریایی بۆ پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور پێکبێنێت. 
 
محەممەد باشا، شارەزای کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دامەزراوەی ناڤانتی کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە "کارە سەربازییەکانی حووسییەکان بەربەستی لە بەردەم چارەسەری ئاشتیانە دروستکردووە. حووسییەکان چوونەتە قۆناخێکەوە کە توندتر بوون و سامانی سڤیل بەئامانجدەکەن."
 
رێککەوتنەکەی ئەمجارە هەروەها هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی سعودیە بۆ هاتنەدەرەوە لەو ململانێیە، وێڕای ئەوەی کە هیوای بەرپابوونی ئاشتیێکی بەردەوام، کزە. 
 
شانشیەنە دەوڵەمەند بە نەوتەکە ساڵی رابردوو ئەو نیازەی پێشاندا، کاتێک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاساییکردنەوە. 
 
سعودیە رایگەیاندبوو، کە ئامانج لە پێکهێنانی هاوپەیمانییە سەربازییەکەی بۆ دەستوەردان لە یەمەن بریتی بوو لە پاراستنی خەڵکی سڤیل لە حووسییەکان، گەڕاندنەوەی حکومەت و رێگریکردن لەوەی یەمەن ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هێزەکانی لایەنگری ئێران. 
 
هەشت ساڵ دوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکە، حووسییەکان هێشتا بەشێکی گرنگی خاکی یەمەنیان بەدەستەوەیە و جبەخانەیەکی گەورەی چەکیان هەیە کە لە رێگەیەوە هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە و ئیمارات. 
 
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە