بزووتنەوەی حەماس: پێنج بارمتەی ئیسرائیلی لە بۆردوومانێکدا کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسامی باڵی سەربازی حەماس لە تەلەگرامی تایبەت بە بزووتنەوەکە رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆمببارانی ئیسرائیلدا پەیوەندییان بە گرووپێکیانەوە پچڕاوە کە پێنج "دیلی" ئیسرائیلییان لەگەڵ بووە.
 
بزووتنەوەی حەماس ناوی سێ لەو پێنج بارمتەیەی بڵاوکردووەتەوە کە پێکدێن لە؛ حایم جیرشون بیری، یورام ئیتاک میتزجر و ئەمیرام ئیسرائیل کوبرا.
 
حەماس دەڵێت، "لەو باوەڕەدان ئەو پێنج بارمتەیە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەوە کوژرابن."
 
نێوەڕاستی ئەم مانگەش لە ناوچەی شوجاعیە لە کەرتی غەززە ئیسرائیل بە هەڵە سێ بارمتەی خۆی کوشت کە بەگوتەی میدیای رۆژئاوا، لەدەست چەکدارانی حەماس رایانکردبوو، ئاڵای سپیان بەرزکردبووەوە، دەیانویست خۆیان بگەیەننە سەربازانی ئیسرائیلی بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن.
 
کوژرانی ئەو 3 بارمتەیە تەوژمێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی هێنایە سەر شەقامەکانی ئیسرائیل، خەڵک لە تەل ئەڤیڤ و چەندین شارو شارۆچکەی دیکە خۆپیشاندانیان کرد و داوای ئاگربەستی شەڕ و گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماسیان کرد.
 
لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس کاتێک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەگوتەی بەرپرسانی خۆجێیی، زیاتر لە 1200 کەسیان کوشت، زیاتر لە 220 کەسیشیان بە بارمتە گرت.
 
حەماس دەڵێت، "لەوەتەی ئیسرائیل غەززە بۆمبباران دەکات، زیاتر لە 60 ئیسرائیلیی کە بەبارمتەیان گرتوون، لە هێرشی ئاسمانیدا گیانیان لەدەستداوە."
 
کۆتایی مانگی نۆڤەمبەر ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستێکی حەوت رۆژەیان کرد، حەماس 110 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکرد و لەبەرامبەردا ئیسرائیلیش 330 زیندانی فەڵەستینی ئازادکرد، هاوکات تەرمی 11 بارمتە رادەستی ئیسرائیل کرانەوە.
 
30ی نۆڤەمبەری 2023 ئاگربەستەکە شکتی هێناو ئیسرائیل و حەماس دەستیانکردەوە بە شەڕ و پێکدادان، تاوەکو ئەمڕۆ شەممە 23ی دێسەمبەر، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە  هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، 20,258 کەسی تێپەڕاند و 53,688 کەسیش بریندارن.