عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات رێگە لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات رێگە لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتەکەی بگرن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، نامەی فەرمیی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کردووە، لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باس لەوە دەکات، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راگەیاندووە پێویستە ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات و رێکاری پێویست بگرێتەبەر، "بۆ وەستاندنی دوژمنکاریی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و لوبنان، هەروەها بۆ ناچارکردنی تاوەکو تووندوتیژی لە ناوچەکەدا بووەستێنێت و واز لە هەڕەشەکردن بهێنێت."
وەزارەتەکە داوای هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات، هەروەها داوای هەوڵی نێودەوڵەتی "بۆ دڵنیاییدان لە رێزگرتن لە یاسا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان" دەکات.
ئەو هەنگاوەی عێراق لەکاتێكدایە، رۆژی هەینی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریی دا کە هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق "جیدی و گەورەیە" و گوتی، حکومەت لەهەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە پەلهاویشتنی جەنگی غەززە و لوبنان بۆ وڵاتەکەی.
لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک، فوئاد حوسێن گوتی، حکومەتی ئیسرائیل "پەیامی زارەکی و نووسراو"ـی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش "واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر."
فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، "هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر."
دووشەممەی رابردوو، ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لە نامەیەکدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش کردووە "گوشار" بخەنە سەر عێراق بۆ ئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بووەستێنێت، کە وەکو پشتیوانییەک بۆ حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی، دەیان هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، بەغدا "وەڵامی نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی [بنیامین] نەتەنیاهووی دایەوە و هەڵوێستی روونی حکومەتی عێراقی بۆ روونکردەوە،" بەوەی "حکومەتی عێراق جەنگی ناوێت. ئێمە بەشێک نین لە جەنگ."
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە فەلەستینییەکە دەستیان بە هێرشی درۆنی و مووشەکی کرد بۆ سەر ئیسرائیل.