رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتیی دژی داعش، بە مووشەک و درۆن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج.
بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەیەکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە بە گوتەی خۆی، هیچ زیانێکی گیانی یان مادی نەبووە.
بەرپرسەکە باسی لەوە کردووە کە رۆژی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممە، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر "هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان" لە بنکەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام هێرشەکان "هیچ قوربانیێک یان زیانی ژێرخانی لێ نەکەوتووەتەوە."
هەر بە گوێرەی هەمان بەرپرس، رۆژی پێنجشەممە، بە ژمارەیەک درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، کە ئەویش زیانی گیانی و مادی نەبووە.
هەر لە رۆژی پێنجشەممە، بە "ژمارەیەک مووشەک" هێرش کراوەتە بنکەیەکی سەربازیی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش تێیدا جێگیرکراون. بەرپرسەکە روونیکردووەتەوە کە هاوشێوەی ئەوانی دیکە، ئەو هێرشەش زیانی نەبووە.
کۆی گشتیی ئەو هێرشانەی لە 17 تشرینی یەکەمەوە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، گەیشتووەتە 72 هێرش.
هێرشەکانی 24 کاژێری رابردووی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا ژمارەیەک پێگەی چەکدارانی لایەنگری ئێرانی بۆردوومانکرد.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو کە "هێرشی ورد"ی کردووەتە سەر دوو پێگەی نێو عێراق، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە دووبارەبووەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا.
ئەمریکا لەو هێرشانەیدا دوو پێگەی حەشدی شەعبیی عێراقی کردنە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی هەشت چەکدار، ئەمە بە پێی ئەو ئامارەی کە کەتائیبی حیزبوڵڵا بڵاویکردووەتەوە کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی.
هاوکات، چەکدارە شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، لە رێگەی تەلەگرامەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە دەربڕی کە لە دوو رۆژی رابردوودا کراونەتە سەر ئەمریکا.
بە گوێرەی پێنتاگۆن، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان، 17ی تشرینی یەکەمەوە، بوونەتە هۆی برینداربوونی نزیکەی 60 سەربازی ئەمریکی.
وەک وەڵامێکیش، ئەمریکا سێ جار پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی لە سووریا کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ