ئیسرائیل: تاوەکو هەینی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی کاتی جێبەجێ ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل دەڵێت تاوەکو رۆژی هەینی، ئازادکردنی بارمتەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، جێبەجێ ناکرێت.
زاچی هیناگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-11-2023) هیچ بارمتەیەک ئازاد ناکرێت، بەڵام دڵنیایی دا کە گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەرەوپێشدەچن و بەردەوامیش بەرەوپێشەوە دەچن.
میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، رێککەوتنەکە 24 کاژێر لەکاتی خۆی دوادەکەوێت، لەبەرئەوەی حەماس و قەتەر واژۆیان لەسەر نەکردووە، بەڵام بە گەشبینیشەوە دەڕواننە رێککەوتنەکە.
بەڵام سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هیچ کەسێک نەیگوتووە رۆژی پێنجشەممە رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت، لە میدیاکان بترازێت.
رۆژی چوارشەممە ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن، کە حەماس 50 بارمتە ئازاد بکات، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل 150 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکات، هەروەها رێگەش بە هاوکاری مرۆیی بدات بۆ نێو کەرتی غەززە.
هەرچەندە بە فەرمی کاتی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستی شەڕ رانەگەیێندراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی میسری بە میدیای بەریتانی گوتووە، نێوەندگیرەکان کە میسر و قەتەرن، چاوەڕێ دەکەن کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممە، رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای نزیکەی 50 رۆژ لە شەڕ و پێکدادان و کوژرانی زیاتر لە 13 هەزار فەلەستینی و 1200 ئیسرائیلی، دەنگۆی رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە میدیاکاندا بڵاوبووەوە.