شەوی رابردوو لە فەلەستین 400 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی سێ هەفتەیە ئاسمانی تاریکی فەلەستین بە تایبەت کەرتی غەززە بە بۆردوومانی ئیسرائیل رووناک دەکرێتەوە، ئەوەی ئیسرائیل دەیەوێت، لەرێگەی بۆردوومانەوە هێز لە حەماس ببڕێت دواتر هێزی زەوینی بباتە نێو کەرتەکەوە. 
 
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت، "مانگێک، دوو مانگ سێ مانگ دەخایەنێت، دواجار حەماس نامێنێت. پێش ئەوەی حەماس بگاتە لای تانک و هێزی وشکانیمان، بۆردوومانی هێزە ئاسمانییەکانمان دەگاتە لایان."
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 300 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و ئاماژە بەوەش دەکات، مەبەست لەو هەنگاوە وێرانکردنی ژێرخانی چەکداریی بزووتنەوە چەکدارییەکە بووە. 
 
بەڵام بەرپرسانی کەرتی غەززە دەڵێن، ئیسرائیل دەست لە هیچ شوێن و کەسێک ناپارێزێت و تەنیا لە هێرشێکیاندا نزیکەی 60 کەسی سڤیلی کوشتووە.
 
شەیادا حیلۆ، دانیشتوویەکی غەززەیە، لەسەر بۆردوومانی شارەکەیانەوە باس لەوەدەکات، "ئێمە خەوتبووین و نزیکەی کاژێر 1ـی شەو بوو، کاتێک گوێبیستی تەقینەوەیەکی گەورە بووین و دەرگە و پەنجەرە بە ماڵەکەمانەوە نەما و دووکەڵ و تاریکی تێکەڵبوون."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی غەززە، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 400 کەس لە فەلەستین کوژراون. بەو جۆرەش ژمارەکە لە 7ـی مانگەوە لە فەلەستین گەیشتە چوار هەزار و 741 کەس.
 
لە ئیسرائیلیش هەزار و 405 کەس لە ئەنجامی هێرش و مووشەکەکانی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززەوە کوژراون.