سوپای ئیسرائیل 'بە هەڵە' تاوەرێکی چاودێری لە سنووری میسر تۆپباران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تاوەرێکی چاودێری میسرییان لەسەر سنوورەکانی نێوان میسر و کەرتی غەززە 'بە هەڵە' تۆپباران کردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە (22-10-2023) بڵاویکردەوە، لەکاتی تۆپبارانکردنی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، تانکێکیان  تاوەرێکی چاودێریی میسری لەسەر سنوورەکانی کەرتی غەززە تۆپبارانکردووە. لەبەرامبەردا سوپای میسر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تۆپبارانەکەی سوپای ئیسرائیل بووەتە هۆی برینداربوونی چەند سەربازێکیان.
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە "سوپای ئیسرائیل دڵتەنگی خۆی لەبارەی رووداوەکە نیشاندەدات." هەروەها دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت و پێداچوونەوە بە زانیارییەکانیشدا دەکرێت." 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، رووداوەکە لە نزیک کۆمەڵگەی "کیرم شالوم" کە کەوتووەتە سەر سنوورەکانی میسر روویداوە. 
 
تۆپبارانکردنی ئەو تاوەرەی میسر لەکاتێکدایە، لە رۆژانی 21 و 22ـی تشرینی یەکەمدا لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە کە دەروازەی کەرتی غەززەیە لەگەڵ میسر، 37 بارهەڵگر وەکو هاوکاریی مرۆیی گەیێنرانە کەرتەکە. چەند جارێکیش بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کەرتی غەززە پێویستی بە هاوکاری زۆر زیاترە و داوای نزیکەی 100 بارهەڵگری رۆژانە وەکو هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتەکە دەکەن. 
 
17 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. ئەوەش دوای ئەوەی لە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەرەی ئیسرائیل و غەززە، بەهۆی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە شەش هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.