وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە دژی هەر کردەوەیەکی سەربازین ببێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشە درۆنییەکەی سەر قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە "مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی سڤیل" ناودەبات و داوا لە لایەنەکان دەکات گرژییەکان هێوربکەنەوە.
رۆژی هەینی، 23ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر زاری گوتەبێژێکی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی تورکیا بۆ سەر شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاوسەرۆکی کانتۆنی شارەکە، جێگرەکەی و شۆفێرەکەی؛ گوتی، "ئێمە بەردەوام لە دژی هەر کردەوەیەکی سەربازین کە ببێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی بارودۆخی سووریا."
رۆژی 20ـی حوزەیرانی 2023، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک لە گوندێکی سەر بە ترپەسپی لە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ و لە ئەنجامدا هەریەکە لە یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ، لەمیان شوێش، جێگری یوسرا و شۆفێرەکەیان گیانیان لەدەستدا و گابی شەمعۆن، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ بریندار بوو.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم هەڵکشانە لە سووریا و لەسەر سنووری تورکیا - سووریا مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتیی خەڵکی سڤیل. هانی هەموو لایەکمان داوە دەستبەجێ گرژییەکان هێوربکەنەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا (ئەنادۆڵو) گوتی، عەبدولڕەحمان چادرچی، ناسراو بە "ئەسعەد فەراشین"، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئاماژەی بە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە نەکراوە.