وەزارەتی ئەوقاف لەگەڵ هۆتێل و رێستۆرانتەکانی سعودیە گرێبەست بۆ حاجیانی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رێگەی لیژنەیەکەوە گرێبەست لەگەڵ هۆتێل و رێستورانتەکانی سعودیە دەکەن بۆ حەجی ساڵی داهاتوو.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ عێراق بە فەرمی نرخی حەجی ساڵی داهاتووی دیاری نەکردووە، هەر نرخێک دیاری بکەن لە هەرێمی کوردستانیش هەمان نرخ دەبێت".
 
بەگوتەی نەبەز ئیسماعیل، بەگوێرەی رێکارەکانی سعودیە، دەبێت پێش کۆتایی ئەم ساڵ رێکارە کارگێڕییەکانی رێوڕەسمی حاج تەواو بکەن. گوتیشی: "لە رێگەی لیژنەیەکەوە گرێبەست لەگەڵ هۆتێل و رێستۆرانتەکان دەکەین و کارەکانی لیژنەکە دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک ئامادەبێت بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە حەج دەکەن".
 
ئەم ساڵ تاوەکو 12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی ئەوقاف چوار ملیۆن دیناری لە هەرکەسێک وەرگرت کە ناوی بۆ حەج دەرچووە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: "ئەو پارەیە بۆ هۆتێل و رێکارەکانی دیکەیە، کە دەبێت پێش کۆتایی ساڵ تەواو بکرێن".
 
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی حەجی ساڵی داهاتوو زیاتر لە شەش ملیۆن دینار دەبێت. گوتیشی: "هەرکات بەغدا نرخەکەی دیاریکرد ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە وەری دەگرن؛ ئەو پارەیەش بۆ تیکتی هاتن و چوون، هاتووچۆی نێوشار، هۆتێل و نانخواردنە بۆ ماوەی نزیکەی 30 رۆژ".
 
پشکی حەجی 2025 بەراورد بە ئەم ساڵ زیاد کرا کە پار 4174 کەس ناویان دەرچووبوو. لە 25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو. لە تیروپشکەکەدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
 
حەجکردن لە ساڵی 2024 لە رێگەی ئاسمانیی شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار بوو.