ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل: چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێک بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دەڵێت ئەگەر پرۆسەی پاکتاوکردنی کەرتی غەززە بەردەوامبێت، "چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێک بکەن."
 
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ دۆخی ناوچەکە وەکو بەرمیلە بارووتی لێهاتووە، هەر لێکدانەوەیەکی هەڵە ئەگەری هەیە سەر بکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەتر."
 
عەبدوڵڵاهیان هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل، داوای لێکردن دەستبەجێ "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوکردنی غەززە" بوەستێنن."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "دەکرێت لەهەر ساتێکدا هەموو شتێک رووبدات و ناوچەکە لە کۆنتڕۆل دەربچێت."
 
ئەم گوتانەی عەبدوڵڵاهیان دوای دوو هەفتە لە هێرشی ئیسرائیل دێت بۆ سەر کەرتی غەززە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 4651 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئێران لەچەند رۆژی رابردوو هۆشداریی بەردەوامی داوە کە لەوانەیە حیزبوڵڵای لوبنانی ئارامگری نەمێنێت و لەگەڵ ئیسرائیل بکەوێتە شەڕ و پێکدادانەوە.
 
لە تۆڵەی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بەهۆیەوە زیاتر لە 1405 کەس گیانیان لەدەستدا، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەندین ناوچە، لەنێویاندا کەرتی رۆژئاوا وچەند ناوچەیەک لە لوبنان و هەروەها لە سووریاش هێرشی کردووەتە سەر دوو فرۆکەخانە.