بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 29 کارمەندی رێکخراوی UNRWA کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA رایگەیاند، لەو کاتەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس  لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپیکردووە، 29 کارمەندی رێکخراوەکەیان کوژراون.
 
ئۆنروا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، حەپەسانی خۆی بەو هەواڵە راگەیاند و پشتڕاستی کردەوە کە" 29 هاوپیشەیان لە غەززە گیانیان لەدەستداوە."
 
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە "نیوەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، مامۆستا بوونە."
 
لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل، هەزاران کەس لە غەززە پەنایان بۆ باڵەخانە و کەمپەکانی سەربە UNRWA بردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەوەی شەڕ دەستیپێکردووە، زیاتر لە 4,600 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە، ئیسرائیل هاوکاریی مرۆیی، سووتەمەنی، خواردن و خواردنەوە و کارەبای لەسەر کەرتی غەززە بڕیوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "38 دامەزراوە و باڵەخانەیان زیانیان بەرکەوتووە، 12 ئاوارە کە پەنایان بۆ دامەزراوەکانیان هێنابوو، گیانیان لەدەستداوە، 180 کەسیش برینداربوون."
 
ئۆنروا هۆشداریشی داوە کە خەریکە ئەو سووتەمەنییەی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەکاری دەهێنن، لەماوەی سێ رۆژدا نامێنێت.
 
فیلیپی لازارینی، بەڕێوەبەری ئۆنروا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بەبێ سوتەمەنی، ئاو نابێت، نەخۆشخانە و فڕنێکان کار ناکەن، هاوکاری ناگاتە زۆربەی ئەو خەڵکانەی کە زۆر پێویستن."
 
لەماوەی 48 کاژێری رابردوودا 6 تانکیی سووتەمەنی لە نزیک دەروازەی رەفەح بەتاڵکراونەتەوە، بەڵام هێشتا ئەو سووتەمەنییە بەشی 2.4 ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ناکات.
 
ئۆنروا رێکخراوێکی گەشەپێدانی مرۆییە و لە ساڵی 1949 بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی فەڵەستینی دامەزراوە، بودجەی ساڵانەی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارەو 30 هەزار کارمەندی هەیە. زۆربەیان لە فەلەستین و وڵاتانی دەوروبەری کاردەکەن و بنکەی سەرەکیی رێکخراوەکەش لە ئوردن و غەززەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە 16 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 کەس کوژراون کە لەنێویاندا نزیکەی دوو هەزار منداڵ و هەزار ژن هەن و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، لە رۆژی دەستپێکی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و مووشەکەکانی رۆژانی دواترەوە بۆ سەر وڵاتەکەیان، هەزار و 405 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 132 کەسی دیکەش برینداربوون.