حەماس مەشق و راهێنان بە زیاتر لە 60 هەزار مێرمنداڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگەیاندنی کردنەوەی خێوەتگە هاوینییەکان لە کەرتی غەززە کە کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رێکیان دەخات، عەبدوڵڵای تەمەن 15 ساڵ زوو خۆی ناونووسکرد کە تێیدا بۆ ماوەی یەک هەفتە مەشق و راهێنانی سەخت وەردەگرێت.
عەبدوڵڵا مەزینی، دانیشتووی غەززەیە و لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە راهێنانی پێدەکرێت. دەڵێت، "ئێمە لێرە لە خێوەتگەکانی 'کازیوەی ئازادی' لە زۆر بواری جیاجیادا راهێنان وەردەگرین، لەوانەش تواناکانی بەرگری لەخۆکردن، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگر، فریاگوزاری سەرەتایی و توانا سەربازییەکان کە وامان لێدەکەن بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاکەکەمان بکەین دژی داگیرکاریی ئیسرائیل کە لە ساڵی 1948ـەوە خاکەکەمانی داگیرکردووە."
زیاتر لە 60 هەزار کەس لە راهێنانی خێوەتگەکاندا بەشدارن و لە چەندین شوێنی سەربازی بەسەر هەموو ناوچەکانی غەززەدا دابەشکراون. تەمەنیان لەنێوان 11 و 17 ساڵدایە.
ئەبو یەحیا، سەرپەرشتیاری راهێنانەکانە و ئاماژە بەوە دەکات، "لەم خێوەتگەیەدا هەوڵدەدەین کەسایەتیی نیشتمانیی ئیسلامیی بەهێز دروستبکەین، ئەوەش لە رێگەی ژمارەیەک چالاکیی نیشتمانی و ئایینییەوە، لەنێویشیاندا، فریاگوزاریی سەرەتایی، چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان و چەند راهێنانێکی جەستەیی و وانەی دیکەی زانستی سەربازیی سەرەتایی."
ئەحمەد بەیتاریش یەکێکە لە مەشقپێکراوەکان، دەڵێت، "ئێمە هاتینە ئەم خێوەتگەیە بۆ وەرگرتنی راهێنان و فێربوونی واتای پیاوەتی و چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی داگیرکاران. لێرە لە لایەنی بڕواداری و سەربازییەوە گرنگیمان پێدەدرێت بۆئەوەی بتوانین هێرش بکەینە سەر دووژمن. هیوادارین ئەم راهێنانە بەردەوام بن بۆئەوەی زیاتر لەبارەی هونەرە جەنگییە جیاوازەکان بزانین."
ئەمە دەیەم ساڵە لەسەر یەک کەتائیبی قەسام خێوەتگەکانی لەژێر ناوی "کازیوەی ئازادی" دەکاتەوە و دەڵێت، ئەمساڵ ژمارەی بەشداربووانی زیادکردووە، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە.
وێڕای گەرمییەکی تاقەتپڕوکێن و زەحمەتیی ئەو راهێنانەی کە وەریاندەگرن، ئەم کوڕانە بە خواستی خۆیان و هاندانی کەسوکارەکانیان، هەموو رۆژێک دێن بۆ ئەم خێوەتگەیانە بەو هیوایەی کە لە داهاتوودا ببنە سەربازانی ئەو سوپایەی کە بە سوپای "ئازادکردنی فەلەستین" ناوی دەبەن.
وەرگێڕان: بژار زوبێر