حیزبوڵڵای لوبنان مەشقی سەربازی بە شیعەی نایجیری دەكەن
رووداو- هەولێر
باڵی سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنان لە دەستپێكی شەڕی نێوخۆی سووریاوە دەستی بە پەلهاویشتن كردووە بۆ ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا فۆكەسی لێكۆڵەر و چاودێرانی سیاسی لەسەر چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە بۆ پاراستنی رژێمی سووریا و جێبەجێكردنی پلانی ئێران بۆ دروستكردنی هیلالی شیعی بووە و بایەخێكی ئەوتۆیان بە جموجۆڵەكانی دیكەی ئەو رێكخراوە لە ناوچەكانی دیكەی جیهان نەداوە، بەڵام راپۆرتێكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEI) ئاشكرای دەكات كە حیزبوڵڵای لوبنان خەریكی پێگەیاندنی چەكداری شیعەی نایجیرییە.
مونا عەلەمی، ئامادەكاری بەڕەچەڵەك لوبنانیی راپۆرتەكە، لەسەر زاری سەرچاوەی نزیك لە حیزبوڵڵاوە ئاشكرای دەكات كە ئەو گروپە دەستی بە راهێنانی مەزهەبی و سەربازیی شیعەكانی نایجیریا كردووە، بۆ ئەم مەبەستەش چەكدارە شیعەكانی نایجیریا لە باكووری وڵاتەكەیانەوە روو لە باشووری بەیروت دەكەن كە ناوچەیەكی زۆرینە شیعەیە و حیزبوڵڵا تێیدا باڵادەستە. سەرچاوەیەكی نزیك لە حیزبوڵڵا لەوبارەیەوە دەڵێ: "پیاوە نایجیرییەكان لێرە مەشق و راهێنان دەكەن".
حیزبوڵڵای لوبنان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە ساڵی 1985 ، رێكخراوێكی ئایدیۆلۆژی و سەربازی بووە و لە چەند ساڵی رابردووی شەڕی نێوخۆی سووریا و عێراقدا هەزاران چەكداری میلیشیای شیعەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و گروپە جیهادییە سوننەكانی عێراق پێگەیاندووە. كەسێكی نزیك لە فەرماندەیی حیزبوڵڵا، بە مەرجی ئاشكرا نەكردنی ناوی، بە لێكۆڵەرە لوبنانییەكەی راگەیاندووە "ئێستا تەنیا راهێنان بە چەند كەسێكی كەم دەكرێ، بەڵام ژمارەی بەشداربووان بەردەوام زیاد دەكات. شیعەكانی نایجیریا پێش وەرگرتنی راهێنانی سەربازی یەكەمجار كۆرسی ئاینی وەردەگرن، مەشقە سەربازییەكانیش لە دوو كەمپ وەردەگرن".
نایجیریا پێنج ملیۆن دانیشتووی شیعەی هەیە. باكووری ئەو وڵاتە لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە لانكەی بزووتنەوەی ئیسلامیی نایجیریایە كە شێخ ئیبراهیم زەكزەكی سەركردایەتی دەكات. زەكزەكی كە یەكەمجار سوننە و لایەنگری ئیخوان موسلمین بووە، لەدایكبووی شاری زاریا یان زازوو لە باكووری نایجیریایە، لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە پڕوپاگەندە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی لە نایجیریا دەكات و لە چوار دەیەی رابردووشدا چەندینجار بۆ ماوەی درێژخایەن لەلایەن حكومەتەوە بەند كراوە كە دوایین جاریان لە 2015 بوو كاتێك هێزەكانی سەر بە حكومەت زیاتر لە 300 شیعەیان لە زاریا كوشت و زەكزەكی و سەتان لایەنگری بزووتنەوەكەیان دەستگیر كرد و زەكزەكی تاوەكو ئێشتاش هەر لە بەندیخانەیە.
ژمارەی لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامیی نایجیریا لە دەیەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی ململانێكانی نێوان سعودیە و ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەشەنەیان سەند. ساڵی 2016 شەڕێكی قورس لە نێوان لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیزالەی نزیك لە سعودیە و بزووتنەوەی ئیسلامیی نایجیریا روویدا.
حیزبوڵڵای لوبنان، بە سەركردایەتی حەسەن نەسروڵڵا، لە دەیەی رابردوودا مەشقی بە دەیان میلیشیای شیعەی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كردووە، پانتایی ئەو جۆرە چالاكییەی حیزبوڵڵا لە ئەفغانستانەوە تاوەكو دەریای نێوەڕاست درێژ دەبێتەوە. ئێستاش پێدەچێ ئێران و حیزبوڵڵا روویان لە ناوەڕاستی ئەفریقا كردبێ.
سەرچاوەكەی نزیك لە فەرماندەیی حیزبوڵڵا بە (MEI) راگەیاند "ئێران بە حیزبوڵڵای گوتووە پێویستی بە چەكداری نایجیرییە، بۆ ئەوەی بنكەیەكی بەهێز لەو وڵاتە دامەزرێنن و لەوێوەوە ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ ناوچەكانی دیكەی كیشوەری ئەفریقا ئاراستە بكەن. ئامانج لەوەش بەرپەرچدانەوەی تموحی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایە لە ئەفریقا".
حیزبوڵڵا ساڵانێكە لە نایجیریا مەشق و راهێنان بە شیعەكانی ئەو وڵاتە دەكات و تەنانەت چەك و تەقەمەنی قورسیشیان پێشكەش دەكات. بۆ نموونە ساڵی 2013 دوای دەستگیركردنی سێ هاووڵاتی لوبنانی لە شاری كانۆ لە باكووری نایجیریا، دەست بەسەر ئەمبارێكی چەك و تەقەمەنیشدا گیرا، بەرپرسانی ئەمنیی نایجیریا بە ئاژانسی (رۆیتەرز) یان راگەیاندبوو كە ئەو چەكانە بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی لە نایجیریا دانراون.
پڕۆگرامەكەی ئێستای حیزبوڵڵا لە دوو رووەوە لەگەڵ پڕۆگرامەكانی ساڵانی پێشوودا جیاوازە، یەكەم ئەو پرۆگرامە لەناو لوبناندا جێبەجێ دەكرێ و دووەمیش فۆكەسی سەرەكی پرۆگرامەكە لەسەر پێگەیاندنی فەرماندە و بەرپرسی سەربازیی باڵایە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پرۆگرامەكە بە پەیمانگا ئەمریكییەكەی راگەیاندووە "ژمارەی ئەوانەی مەشقیان پێدەكرێ زۆر سنووردارە، چونكە پڕۆگرامەكە زیاتر فۆكەسی لەسەر پێگەیاندنی بەرپرسانی باڵایە بۆ پۆستی فەرماندەیی. ئەوان دواتر دەتوانن لە نایجیریا ئەندامی زیاتر كۆبكەنەوە و راهێنانیان پێبكەن".
سەبارەت بە ماوەی مانەوەی چەكدارە نایجیرییەكان لە لوبنان بۆچوونی جیاواز هەیە. سەرچاوە ئاگادارەكەی حیزبوڵڵا بە پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی راگەیاندووە "ئەو كەسانە سێ یان شەش مانگ جارێك دەگەڕێنەوە لوبنان بۆ ئەوەی مەشقی چەكی قورسیان پێ بكرێ". بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نێوخۆی لوبنان دەڵێت ئەوان ئاگادار نین ئەو نایجیرییانە روویان لە لوبنان كردبێ.
بزووتنەوەی ئیسلامیی نایجیریا لەڕووی پەیكەری رێكخستنەوە زۆر لە حیزبوڵڵای لوبنان دەچێت. بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (بلومبێرگ)ی ئەمریكی، ئەو بزووتنەوەیە هاوشێوەی حیزبوڵڵای لوبنان بایەخێكی زۆر بە پڕوپاگەندەی میدیایی دەدات. بزووتنەوەی ئیسلامی نایجیریا دوو رادیۆی (حەوزە) و (شوهەدا)ی هەیە، بیر لە دانانی كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی دەكەنەوە و رۆژنامەی (ئەلمیزان) دەردەكەن. راپۆرتەكەی ئاژانسە ئەمریكییەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەو بزووتنەوەیە 300 قوتابخانە و ناوەندی ئیسلامی و دامەزراوەی "شەهیدان"ی هەیە. حیزبوڵڵا لە رێگەی دامەزراوەی لەو جۆرەوە جێی خۆی لەناو كۆمەڵگە جیاجیاكانی لوبناندا كردووەتەوە كە لە هەندێك حاڵەتدا كۆمەڵگە ناشیعە و تەنانەت ناموسڵمانەكانی لوبنانیش دەگرێتەوە.
نایجیریا 180 ملیۆن دانیشتووی هەیە كە 50%ی موسڵمانن و لەو رێژەیە تەنیا 5.5٪ی شیعەن. بەڵام ئەزموونی حیزبوڵڵا لە سووریا و ئەفغانستان سەلماندوویەتی ئەو رێكخراوە توانای ئەوەی هەیە لە كەمینەیەكی شیعەی ئاوهاش هێزێكی كاریگەر دروست بكات، جیا لەمەش ئێران لە دوو دەیەی رابردوودا بەردەوام ناكۆكییە تایفییە نێوخۆییەكانی وڵاتانی هاوشێوەی نایجیریای بۆ قایمكردنی شوێنپێی خۆی بەكارهێناوە.