پاسێکی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سنووری مەدینە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی گەڕانەوەیان لە شاری مەککەوە بۆ مەدینە لە سعودیە، پاسێکی حاجییانی هەرێمی کوردستان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو.
بەختیار دزەیی، برای یەکێک لە سەرنشینانی پاسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شۆفێرەکە گوتوویەتی خەوی لێکەوتووە و ئۆتۆمبێلەکەی بە گاردینی شەقامەکەدا کێشاوە."
بەختیار دزەیی گوتیشی، لە رووداوەکەدا کەس بریندار نەبووە و ئێستا ئۆتۆمبێلەکە چاککردنەوەی سەرەتایی بۆ کراوە و گەیشتووەتە شاری مەدینە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، سەرنشینانی پاسەکە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن و بە شێوەیەکی فەرمی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە حەجیان کردووە.
رووداوەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لەکاتی گەڕانەوە لە حەج، لە رووداوێکی هاتووچۆدا چوار حاجیی دانیشتووی سلێمانی لە رومادی گیانیان لەدەستدا.
ئەنەس قەیس عانی، گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، ئەو کەسانە لە حەج بە رێگەی وشکانی گەڕاونەتەوە و لەسەر رێگەی خێرای ناوچەی حامزییە لە رومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار، ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری لاندکرۆزەر وەرگەڕاوە.
ئەم ساڵ 1460 هاونیشتمانی بە رێگەی وشکانی چوونە سعودیە بۆ حەجکردن. لە شەوی رابردووەوە کاروانی ئەو حاجییانە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتووە.
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 3 هەزار و 225 کەسیان بە رێگەی ئاسمانی چوونە ئەو وڵاتە. لەبارەی گەڕانەوەی ئەو حاجییانەش رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان گوتی، "24ی ئەم مانگە یەکەم گەشتی گەڕانەوەی حاجییان دەستپێدەکات و دوایین گەشتیش 29ی حوزەیران بۆ هەولێر و 30ی مانگیش بۆ سلێمانی دەبێت."
حەجکردن ئەم ساڵ بە دینار بوو؛ بە رێگەی ئاسمانی شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار لە هاونیشتمانیان وەرگیرا.