نەخۆشی زیانی بە بەرهەمی کونجیی دەشتی بیتوێن گەیاندووە؛ '60٪ـی بەرهەمەکەم وشكبووە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی مانگێکە لە دەشتی بیتوێن دەردێکی بێ دەرمان تووشی زەوییەکی بەپیتی چێندراو بەکونجی بووە. کونجیی بەشێک لە جووتیارانی سنورەکەی بە گەڵاو و گوڵ و بەرەوە هەڵپروکاندووە.
 
قادر مەحەممەد، 30 ساڵە سەرقاڵی کشتوکاڵکردنە، ئەم ساڵ زیاتر لە 60 دۆنم کونجیی چاندووە. نەخۆشییەکە زۆر بەخێرایی لەنێو کونجییەکەیدا بڵاوبووەتەوە، بەردار وبێ بەری وشککردووە.
 
قادر مەحەممەد، جووتیارە دەڵێت: ''60٪ـی بەرهەمەکەم وشکبووە، ئەوەندەشمان بۆ دەرچێ سوپاسی خودا دەکەین، ئەوەی درەنگتریش چاندوومانە، دەردەکەی گرتووە. وەک پەتای هەڵامەت لەیەکدی دەگرێتەوە.''
 
هێمن حاجی ئەندازیاری کشتوکاڵە و جووتیاریشە. کونجییەکەی تووشی هەمان دەرد بووە؛ چوار جۆر دەرمانی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی نەخۆشییەکە بەکارهێناوە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر دەردەکە نەبووە. 
 
هێمن حاجی دەڵێت: ''ئەم ساڵ سێ بۆ چوار جۆر دەرمانمان لێداوە، سوودی نەبووە، نەخۆشییەکە ڤایرۆس و بەکتریایە، لە یەکدی دەگرێتەوە و لەنێوانی رەگ و قەدیەوە وشک دەبێت.''
 
نەخۆشییەکە لەنێو جووتیاراندا بە نەخۆشیی لاڕەشە ناسراوە، زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، هەر کەڵەگونجییەک بیگرێت لە رەگ و ریشەوە وشکی دەکات و بەرهەمەکەشی لەنێودەبات.
 
کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت، نەخۆشییەکە وەرزییە، بەهۆی درەنگ ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن جووتیارەکانەوە، کار لەکار ترازاوە و ناتوانن بەئاسانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکەن.
 
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین دەڵێت: ''ئەم نەخۆشییە فتڕیاتی کەڕووی بەکترییە، لە بەشێک لە بەروبوومە رووەکییەکان دەدات. ئەوەش بە هۆکاری کەشوهەواو و ژینگەیی. ئەگەر لەسەرەتادا باسکرابا، دەرمانی پێویست هەیە بۆچارەسەرکردنی، بەڵام تازە درەنگبووە.''
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کشتوکاڵی راپەڕین، ساڵانە زیاتر لە 300 دۆنم لە زەوییەکانی دەشتی بیتوێن بە کونجی دەچێنرێت، بەرهەمی ساڵانەیان نزیکەی 50 تۆنە. ئەم ساڵ بەهۆی نەخۆشییەکەوە پێشبینی دەکرێت بۆ 30 تۆن دابەزێت.