ئەردۆغان و شا سەلمان "دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە" تاوتوێ دەکەن
رووداو- هەولێر
درەنگانی شەوی رابردوو، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بارودۆخی سووریا، ناکۆکی قەتەر و سعودیە و گشتپرسیی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ شای سعودیە تاوتوێکردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، کە درەنگانی شەوی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شای سعودیە "پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان" تاوتوێکردووە.
ئاژانسی ناوبراو زانیاری زیاتری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ماڵپەڕی تورک پرێس لە زاری چەند ناوەندێکی سەرۆکایەتی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بارودۆخی سووریا، ناکۆکی قەتەر و سعودیە و گشتپرسیی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ شا سەلمان شای سعودیە تاوتوێکردووە.
رۆژی چوارشەممە 20-9-2017 سعودیە راگەیێندراوێکی لەبارەی گشتپرسیی باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "سعودیە دەڕوانێتە حیکمەت و دانایی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەنجامنەدانی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق".
داڕشتنەوە: حەکیم داود