مەسرور بارزانی لە داڤۆس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چیک کۆبووەوە

21-01-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی لە داڤۆس، لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، شاندێکی شانشینی بەحرەین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن کۆبووەوە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری تاوتوێ کرا.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی سووریا  ئاڵوگۆڕ کرا.
 
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ عەیدەرۆس زوبەیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرۆکی ئەنجومەنی ئینتیقاليی باشووری یەمەن کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و یەمەن و گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئاراميی ناوچەکە.
 

هەر لە داڤۆس، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە کە لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە وەزیری دارایی و ئابووری نیشتمانی و عەبدوڵڵا عادل فەخرۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و شێخ سەلمان ئەحمەد ئال خەلیفە سەرۆکی دیوانی جێنشینی بەحرەین پێکهاتبوو.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "شاندەکە سڵاو و رێزی شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین و هەروەها جێنشین و سەرۆکوەزیرانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی شانشینی بەحرەینیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا." 
 

لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەت "سوپاسی پشتیوانیی شانشینی بەحرەینی کرد، بەتایبەتی شا حەمەد و خواستی بەهێزترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەی دووپات کردەوە."
 
کۆڕبەندی داڤۆس ئەم ساڵ بە درووشمی 'پێکەوەکارکردن لە سەردەمی ژیریدا' دوێنێ (دووشەممە، 20-1-2025) دەستیپێکرد، تاوەکو 24-1-2025 بەردەوام دەبێت. 
 
زیاتر لە 350 سەرکردە کە 60ـیان سەرۆکی وڵات یان حکومەتن لە کۆڕبەندەکە دا بەشدار دەبن، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا کە بەڕێگەی لایڤەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە دا دەکات.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، کە 60٪ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی وڵاتانی دراوسێی.