پۆمپەیۆ: بەبێ ناردنی "هێزی زۆر" ئامانجەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپێکین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دەتوانێت بەبێ ناردنی "هێزێکی زۆر" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکە ئامانجەکانی بپێکێت. دەشڵێت، داعشیان بە بەشداریی ژمارەیەکی کەمی سەربازانی ئەمریکی لەناوبردووە.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی قسەی لەسەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان کرد و بە "سەرکەوتوو" ناوی برد. پۆمپەیۆ گوتی، ئەمریکا دەتوانێت هێز و توانای خۆی لە ناوچەکە نیشانبدات بەبێ ئەوەی پێویست بە ناردنی هێزێکی زۆر بکات و ژیانی سەربازان بخاتە مەترسییەوە.
پۆمپەیۆ باسی لە کوشتنی قاسم سولەیمانی کرد و وەک نموونە، گوتی، "کە بینیمان قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەڕەشەیە، کوشتمان"، هەروەها کاتێک داعش خەریکبوو ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا، واشنتن بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە لۆکاڵییەکان لە عێراق و سووریا لەناویبرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوت، وڵاتەکەی بەجۆرێک ئەو کارانەی کردووە، وڵاتانی کەنداو دەتوانن بە هاوبەشی خۆیانی بزانن و "هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانین یارمەتیان بدەین و سەلامەتیی ئەمریکاش بپارێزین".
ئەمریکا دەستیکردووە بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە سەرتاسەری جیهان، 5ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ کە 30 رۆژی لە ئۆفیسی سەرۆکی ئەمریکادا ماوە، بڕیاریدا نزیکەی تەواوی هێزەکانی تاوەکو 15ـی کانوونی دووەمی 2021 لە سۆماڵ بکشێنێتەوە.
هەر بە بڕیاری ترەمپ، تاوەکو ناوەڕاستی کانوونی دووەم هێزەکانی لە ئەفغانستان لە 5000 سەرباز بۆ 2500 سەرباز کەمدەکاتەوە، لە عێراقیش لە 3000 سەرباز 500 سەربازیان دەگەڕێنەوە ئەمریکا.