لوبنانییەکان لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆقیون؛ لەکاتی نووستن مۆبایل لە خۆیان دووردەخەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەماوەی دوو رۆژدا بە هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی لە نێو دەستی لوبنانییەکاندا تەقینەوە. ئێستا لوبنانییەکان سڵ لە زۆربەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەکەنەوە.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پاشماوەی تەقینەوەی یەکێک لە ئامێرەکانی وۆکی تۆکییە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
 
جۆرج بەهنام، هاووڵاتی لوبنانییە و دەڵێت: "خۆم و خوشکەکەم ئایفۆنمان هەیە و کاتێک نیگەرانییەکان لەبارەی ئایفۆن و پاتری لیتیۆم باسکران، خۆمان بەدوورگرت لەبەکارهێنانی مۆبایلەکانمان، ترسمان هەیە ئەوانیش بتەقنەوە، ئێمە ئێستا وڵاتێکی هاککراوین." 
 
عیماد سانتۆ، هاووڵاتی لوبنانییە و دەڵێت: "ترسناکە، ئەمجارە ترسەکە زۆر گەورەیە، خودا بمانپارێزێت، کەس نازانێت چیمان بەسەردێت، بەڵام لەمدواییەدا دۆخەکە زۆر خراپتر بووە." 
 
رۆژانی 17 و 18ی ئەیلوول، لە ئەنجامی تەقینەوەی بهەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی لە سەرانسەری لوبنان، 37 کەس کوژران و زیاتر لە سێ هەزاری دیکەش برینداربوون.
 
زۆربەی ئەوانەی بوونە قوربانی ئەو ئامێرانە، چەکدار و ئەندامی حیزبوڵڵا بوون.
 
غەدیر عەید، هاووڵاتییەکی دیکەی لوبنانە و دەڵێت: "ئەو خەڵکەی زۆر بە ئامانجکران خەڵکی دوورەدەستن و هەست دەکەم ئەو کەسانەی دەکرێنە ئامانج پەیوەندی بە شوێن و لایەنگرییانەوە هەبێت و من لەو شوێن و لایەنانە دوورم، بۆیە سەلامەتم." 
 
ئێستا زۆر لە لوبنانییەکان خۆیان لە پاوەر بانک و مۆبایل بەدوور دەگرن و شەوان لە ژووری خەوتنەکانیان دایاننانێن.