کۆنسوڵخانەى عێراق لە جەدە: هەندێک لەو حاجییانەى کۆچى دواییان کردووە بە شێوەیەکی کاتی بەخاکسپێردراون
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵخانەى عێراق لە شاری جەدەى سعودیە دەڵێت، بەهۆى زۆریى ژمارەى ئەو حاجییانەى کۆچى دواییان کردووە، دەسەڵاتدارانى سعودیە ناچاربوون هەندێکیان بە شێوەیەکی کاتی بەخاکبسپێرن.
کۆنسوڵخانەى عێراق لە شارى جەدە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەى ئەو حاجییە عێراقییانەی لە کاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەج کۆچى دواییان کردووە، دەڵێت: "دوو نووسراوى فەرمى دەدەینە دادپزیشکى و پۆلیسى شارى مەککە بۆ ئەوەى بەڵگەنامەى مردنیان بۆ دەربکەن و رێوشوێنەکانى هاوئاهەنگى لەگەڵ نێردەى حەجى عێراقى بگیرێتەبەر، بەڵام زیادبوونى ژمارەى ئەو حاجییانەى کۆچى دواییان کردووە، بەتایبەت بەتەمەنەکان بەهۆى بەرزى پلەى گەرماوە کارێکى وەهای کردووە کە دادپزیشکى تواناى بۆ وەرگرتنى تەرمەکان کەم ببێتەوە".
کۆنسوڵخانەى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە دەسەڵاتدارانى سعودیە ناچاربوون بە شێوەیەکى کاتى تەرمى حاجییان بەخاکبسپێرن تاوەکو حەج کۆتایی دێت و دواتر تەرمەکانیان لەلایەن کەسوکاریانەوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتانی خۆیان، ئەگەر ویستیان.
بەگوێرەى دەستەی حەج و عومرەی عێراق بۆ رووداو، 12 حاجی عێراقی و 19 هاونیشتیمانی کە ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
کۆنسوڵخانەکەى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، لەگەڵ بەرپرسانى پەیوەندارى سعودیە بەدواداچوون دەکەن بۆ گواستنەوەی تەرمەکان بۆ عێراق.
ئەم ساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە چوونەتە سعودیە بە مەبەستی حەجکردن؛ 4685یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون.
هەینى 20ى حوزەیران یەکەم گەشتى گەڕانەوەى حاجیانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە شارى جەدەى سعودییەوە ئەنجام دەدرێت.