باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت بۆ هاووڵاتییانی: سەردانی لوبنان مەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند رێنماییەکی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە لوبنان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، بەهۆی گرژییەکانەوە پێویستە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانەی لە لوبنانن لەو پەڕی ئامادەییدابن و هەموو رێکارێکی خۆپارێزی بگرنەبەر. دەشڵێت، پێویستە هاووڵاتییان خۆیان لە سەردانیکردنی لوبنان بەدوور بگرن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێنماییەکی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە لوبنان لە ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی لوبنان "باڵیۆزخانەی ئەمریکا بیری هاووڵاتییانی (لە لوبنان) دەخاتەوە، کە پێویستە ئاگاداری گۆڕانە ئەمنییەکان بن، جووڵەیان کەمبکەنەوە و هەموو رێکارێکی ئەمنی و سەلامەتی بگرنە بەر." 
 
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، پێنج هەزار ئامێری پەیجەر و چەندین ئامێری دیکەی پەیوەندیکردن لە لوبنان تەقینەوە. 
 
حیزبوڵـڵا و حکومەتی لوبنان، ئیسرائیل بە هۆکاری تەقینەوەی ئەو ئامێرانە دەزانن، ئەویش بێدەنگە. تەندروستی لوبنان دەڵێت، بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە 37 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەمەش گوشارێکی گەورەی لەسەر نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە: "تاوەکو سەقامگیربوونەوەی دۆخەکە، پێویستە هاووڵاتییانمان ئاگاداربن کە خزمەتگوزاری تەندروستی (لە لوبنان) زۆر سنووردارە ." ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە هاووڵاتییان خۆیان لە گەشتکردن بۆ لوبنان بەدووربگرن. 
 
لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە کە جەنگی ئیسرائیل و غەززە دەستیپێکرد، وەکو پشتگیرییەک بۆ کەرتەکە، حیزبووڵـڵای لوبنان دەستی بە مووشەکبارانکردنی باکووری ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش دەستی بە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان کرد. 
 
شەڕی سەر سنووری باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی 111 هەزار و 940 کەس لە لوبنان و 94 هەزار کەس لە ئیسرائیل ئاوارە ببن. هەروەها لە لوبنان 482 چەکدار و 141 سڤیل و لە ئیسرائیلیش 24 سەرباز و 26 سڤیل کوژراون.