میری قەتەر پێش گوتاری بەشار ئەسەد لووتکەی کۆمکاری عەرەبی جێهێشت


رووداو دیجیتاڵ 
 
پێش ئەوەی سەرۆکی سووریا گوتارەکەی لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی پێشکێش بکات، میری قەتەر شوێنی کۆبوونەوەکەی جێهێشت. نووسینگەی میری قەتەر هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شێخ تەمیم حەمەد، میری قەتەر جەدەی جێهێشتووە، دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی شاندی قەتەری بۆ لووتکەکە کردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی میری قەتەر، شێخ تەمیم حەمەد نامەیەکی بۆ سەلمان عەبدولعەزیز، پاشای سعودیە و محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە جێهێشتووە و تێیدا هیوای خواستووە لووتکەکە "ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونی پێکەوە کارکردنی نێوان وڵاتانی عەرەبی بە جۆرێک لە بەرژەوەندی خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بێت". 
 
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە لووتکەکەدا قسەیان کرد، بەڵام میری قەتەر هیچ گوتارێکی نەبوو. 
 
لە لووتکەی ئەمساڵی کۆمکاری عەرەبییدا بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا ئامادە بوو، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2011ـەوە و بەهۆی مامەڵەی تووندی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لەگەڵ خۆپێشاندەران لە کۆمکارەکە ئەندامبوونی سڕکرا. 
 
دوای بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ، هاوکاری لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبییەوە بۆ سووریا نێردرا و دوای ئەوەش گەرموگوڕی نێوان سووریا و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی زیادبوو و لە 7ـی ئەم مانگەدا سووریا گەڕێندرایەوە نێو کۆمکاری عەرەبی. 
 
قەتەر یەکێک لەو وڵاتانە بووە کە دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی دەربڕیووە.