جەنگی غەززە بە ژمارە و داتا؛ رۆژانە نزیکەی 100 کەس کوژراون

19-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای 471 رۆژ لە جەنگ، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس جێبەجێ کرا و ئەمڕۆ خەڵکی غەززە گەڕانەوە سەر ماڵە وێرانبووەکانیان. بە درێژایی جەنگەکە بە تێكڕا رۆژانە نزیکەی 100 کەس لەو کەرتە کوژراون. لەم راپۆرتەدا، بە ژمارە و داتا ئاماری زیاتر لە 15 مانگی جەنگ بزانە.
 
زیانە مادی و گیانییەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە چاوەڕوانیی کەسدا نەبوو. جگە لە کوژرانی هەزاران کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 هەزاری دیکە، غەززە لەو شارەی پێش جەنگ ناچێت، زۆرینەی ئەو کەرتەی فەلەستین بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە، شیاوی ژیان نەماوە.
 
خەڵکی غەززە و کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان، نزیکەی 16 مانگی زۆر سەختیان بەڕێکرد. خەڵکی غەززە لەژێر ئاگری بۆردوومان و کەسوکاری بارمتەکانیش لە چاوەڕوانیی ئازیزانیان.
 
جەنگەکە لە 7ـی تشرینی دووەمی 2023 دەستیپێکرد، کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک غەززە، بەڵام وەڵامی تەلئەڤیڤ زۆر تووند و چاوەڕواننەکراو بوو. ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، 270 رۆژ لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەردەوامی کردە سەر غەززە و گەمارۆی خستبووە سەر خەڵکەکەی.

 

 
جەنگەکە هەر لە غەززە نەمایەوە، پەلی بۆ لوبنان، یەمەن، سووریا، عێراق و بە ناڕاستەوخۆ ئێران هاوێشت. ئەمەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان لەو وڵاتانەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.
 
تووڕەیی ئیسرائیل دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەو وڵاتانەوە زیاتر بوو، کەسی یەکەمی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت. جێگرەوەی کەسی یەکەمی هەردوو گرووپەکەیشی کوشت.
 
زیانە گیانییەکان چین؟
 
ئیسرائیل دەڵێت، لە یەکەم رۆژی هێرشی حەماس، ئەو گرووپە چەکدارە 1200 کەسی سڤیلی کوشت، 240 کەسیشی بە بارمتە گرت. 
 
بەشێک لەو کەسانەی بە بارمتە لای حەماس بوون، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.

 

 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو رۆژی دەستپێکردنی ئاگربەست، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، 46 هەزار و 913 کەس لەو کەرتەی فەلەستین کوژران، 110 هەزار و 750 کەسیش بریندار بوون، ئەمە جگە لە بێسەروشوێبوونی هەزاران کەس. 
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، 70٪ـی کوژراوان ژن و منداڵن.
 
ئیسرائیل دەڵێت، لەم جەنگەدا، زیاتر لە 17 هەزار چەکداری بزووتنەوەی حەماسی کوشتووە. 840 سەربازی وڵاتەکەش کوژراون.
 
ژێرخانی غەززە
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 69٪ـی باڵەخانە و 68٪ـی رێگەکانی کەرتی غەززە بەتەواوی وێرانبوون. 50٪ـی نەخۆشخانەکان داخراون و 50٪ـی دیکەی بە نیوەچڵی کاردەکەن.

 

 
دیمەنی غەززە هیچ لەو شارەی پێش 7ـی ئۆکتۆبەر ناچێت، بە دەگمەن باڵەخانە و خانوو دەبینیت زیانی پێنەگەیشتبێت، بەتایبەت باکووری کەرتەکە. 
 
لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم رۆژی ئاگربەست، بەشێکی خەڵکی غەززە لە باشووری ئەو کەرتەوە بەرەو باکوور و بۆ سەر ماڵە وێرانبووەکانیان گەڕانەوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەدەکات، زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی غەززە ئاوارەبوون. بەشێکی ئەوان لەنێو ئەو کەرتە بچووکەی فەلەستیندا، چەند جارێک ئاوارەبوونەوە.

 

 
لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 67.6٪ـی کەرتی کشتوکاڵ لەو کەرتە لەنێوچوون.
 
پێش جەنگی غەززە، رۆژانە 500 بارهەڵگر لە رۆژێکدا دەچوونە نێو ئەو کەرتەوە، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی جەنگ، کەمتر لە 10 باهەڵگر دەچووە نێو غەززە. 
 
 
ئەگەر ئاگربەست نەبووایە چی روویدەدا؟
 
ئیسرائیل و حەماس 15ـی ئەم مانگە لەسەر ئاگربەست رێککەوتن. ئەمڕۆش دەست بە جێبەجێکردنی کرا و لە رۆژی یەکەمدا، حەماس سێ بارمتە و ئیسرائیل 90 بەندکراو ئازاد دەکات.

 

 
ئەگەر دوایین ئاماری تەندروستیی غەززە بۆ ژمارەی کوژراوان وەربگرین، بە تێكڕای رۆژانە نزیکەی 100 کەس لەو کەرتەی فەلەستین بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە پێویستی بە 40 ملیار دۆلارە.
 
ئەگەر ئاگربەست نەبووایە، هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبوون و ژمارەی کوژراو و برینداران لە غەززە زۆر لەمەی ئێستا زیاتر دەبوون.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە