نەتەنیاهوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل دەباتە سەر لووتکەی هێرمۆن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و تیمی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی چوونە سەر لووتکەی ئەو چیایەی نێو خاکی سووریا کە هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە و رایدەگەیێنێت: سەربازانی ئیسرائیل لەوێ دەمێننەوە تا ئەوکاتەی میکانیزمێکی نوێ دەدۆزرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریاوە و سەردانی لووتکەی چیای هێرمۆن کرد کە بە عەرەبی بە  جەبەل شێخ ناسراوە و کەوتووەتە سەر سنووری باشووری سووریا و ئیسرائیل و لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم، سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی کرد. 
 
نەتەنیاهوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی لەسەر لووتکەکە بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەرپرسی دەزگەی هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل بەڕێوەبرد.
 
دواتر نەتەنیاهوو لەبارەی پلانی داهاتووی وڵاتەکەی لە سووریا رایگەیاند، سەربازانی ئیسرائیلی لەسەر ئەو چیا ستراتیژییە دەمێننەوە تا ئەوکاتەی رێگەیەکی نوێ دەدۆزرێتەوە بۆ پرسی ناوچەی لە چەک داماڵدراوی نێوان سووریا و ئیسرائیل کە لە ساڵی 1974وە رێککەوتنی ئاگربەستیان لەو ناوچەیە هەیە و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە هیچ کام لەو دوو وڵاتە بۆیان نییە هێرش بکەنە سەر ئەوی دیکەیان.
 
رۆژی 9ی کانوونی یەکەم رۆژێک لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەش کۆتایی هاتووە و پێویستە رێککەوتنێکی دیکە بێتەئاراوە و تا ئەوکاتەش هێزەکانیان لە ناوچەکە دەمێننەوە.  
 
لەبارەی سەردانەکەشیان بۆ لووتکەی چیای هێرمۆن (جەبەل شێخ)، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "لووتکەکە، دەبێتە چاوی ئیسرائیل بۆ دۆزینەوەی هەڕەشەی نزیک مەوداو و دوورمەودا".
 
لە ماوەی 10 رۆژی رووخانی رژێمی ئەسەد، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 10 کیلۆمەتر چووەتە نێو خاکی سووریاوە و ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و زۆر لە وڵاتان داوایان کردووە ئیسرائیل لەو ناوچانە بکشێتەوە.
 
تورکیاش سەرکۆنەی ئەو جموجۆڵەی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل ئامانجەکەی "فراوانکردنی سنوورەکانییەتی،" و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، "ئەو جموجۆڵە نوێیەی ئیسرائیل پێشێلکردنی رێککەوتنەکەی ساڵی 1974ـە".