لە هێرشێکی هاوپەیمانیی سعودیە بۆ سەر یەمەن '11 کەس کوژران'
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانیی سعودیەدا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن 11 کەس کوژراون، ئەوەش رۆژێک لەدوای هێرشی ئەو گرووپە چەکدارە دێت بۆ سەر ئیمارات.
رۆژی سێشەممە 18-1-2022 سەرچاوەیەک لە خزم و کەسی قوربانییان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا 11 کەس کوژراون و سەرچاوەیەکی پزیشکیش ژمارەی کوژراوانی پشتڕاستکردەوە.
ئەکرەم ئەل ئەهدال کە خزم و کەسی قوربانییانە، گوتی هێرشە ئاسمانییەکە دوو خانووی کردوونەتە ئامانج و خاپووری کردوون. تاوەکو ئێستا روون نییە ئەوانەی کراونەتە ئامانج چەکداریی حوسییان تێدایە یان نا.
ئیمارات بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییەی کە سعودیە سەرکردایەتیی دەکات و لە دژی حوسیەکانی یەمەن شەڕ دەکەن و زۆربەی جار هێرشەکانیان لە رێگەی ئاسمانییەوە و بەهۆی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدەدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە 17-1-2022 لە پێشهاتێکی دەگمەندا، ئیمارات، کە وەک "مێرگە ئارامەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەناسرێت، بە دوو هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج و دواتر بەشێوەیەکی فەرمی حوسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.
یەکێک لە هێرشەکان کۆگایێکی سەر بە کۆمپانیای ئەدنۆکی نەوتی لە ئەبوزەبیی پایتەخت کردە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ تانکەر تەقینەوە و دوو کەسی هیندی و یەکێکی پاکستانی بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا. لە هێرشەکەی دیکەدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی کرایە ئامانج تەنیا زیانی ماددی لێکەوتەوە.
لە تۆڵەی ئەو هێرشانەدا، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە کە ئیماراتیش تێیدا ئەندامە، رایگەیاند، لە شاری مەئریبی یەمەن 230 چەکداری حوسییان کوشتووە و 21 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری سەربازیشیان تێکشکاندووە، هەروەها هەشت هێرشی درۆنییان بۆ سەر سعودیە پووچەڵکردوونەتەوە.
هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ئەبوزەبی هاوکات بوون لەگەڵ سەردانی یەکەمین شاندی دیپلۆماسی ئێران بۆ سعودیە لە دوای پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ساڵی 2016ـەوە، کە هەر یەکەیان پشتیوانی لە لایەنێکی دژبەری شەڕی نێوخۆی یەمەن دەکەن.