وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا سەردانی دیمەشق دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ
  
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وەفدێکی وڵاتەکەیان سەردانی دیمەشق دەکەن و بەنیازی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ ئەو وڵاتە. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی ئامانجی سەردانی وەفدەکەیان بۆ دیمەشق رایگەیاند: "گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی کاری دیپلۆماسی لە دیمەشق دەکەین." گوتیشی، "لە گفتوگۆکان سەرنجمان لەسەر پرۆسەی راگوزەر لە سووریا و پاراستنی کەمینەکان دەبێت." 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوبەشەکانیان، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیا سەبارەت بە سووریا لە هاوئاهەنگیدان. ئەمە لەکاتێکدایە دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا دایە. 
 
تاوەکو ئێستا بەشێک لە وڵاتان هەنگاوی کردارییان بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ناوە. ئەمڕۆ دوای 12 ساڵ فەرەنسا باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە کردەوە، پێشتریش تورکیا هەمان هەنگاوی نابوو. 
 
بەشێک لە وڵاتانیش ئامادەییان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان دەربڕیوە. ئەمڕۆ، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گوتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بکات." ئاماژەی بەوەشکرد، "نیشانەی سەرەتایی سەبارەت بە سووریا باشن، بەڵام پێویستی بە وریاییەکی زۆر هەیە."
 
بە گوێرەی گوتەکانی بەرپرسە ئەڵمانییەکە، تاوەکو ئێستا ئیدارەی نوێی سووریا ژیرانە مامەڵەیان کردووە و پێویستە حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە نوێنەرایەتی هەمووان بکات. 
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا کۆنترۆڵکردنی دیمەشقیان راگەیاند و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە هەڵات بۆ رووسیا. ئێستا حکومەتێکی راگوزەر تاوەکو ئاداری داهاتوو لەو وڵاتە پێکهێندراوە. هێز و لایەنەکانی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکە.