دوای 12 ساڵ باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە دیمەشق دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
  
دوای 12 ساڵ لە داخستنی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە دیمەشق، دووبارە باڵیۆزخانەکە کرایەوە. 
 
کردنەوەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە دیمەشق لەکاتێکدایە وەفدێکی فەرەنسی بە سەرۆکایەتیی ژان فرانسوا گویلۆم، نێردراوی تایبەتی فەرەنسا لە دیمەشقە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا. 
 
دوای گەیشتنیان بەو وڵاتە، نێردراوی تایبەتی فەرەنسا گوتی، هاتوون بۆ ئەوەی"پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دروست بکەین".
 
نێردراوەکەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی"ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە پاڵپشتیکردنی سوورییەکان" لەم کاتە راگوێزەرەدا سەرکەوتووبن و بە ئاشتییانە دۆخەکە تێپەڕێت. 
 
دوای رووخانی حکومەتی سووریا لە 8ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، حکومەتێکی کاتیی تاوەکو ئاداری داهاتوو پێکهات. لەو کاتەوە، تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا دەستیان بە دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا کردەوە. سەردانی وەفدی ئەو وڵاتانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ لای سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە. 
 
دوێنێ، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا نێردەیەکی تایبەت دەنێرنە دیمەشق بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی وڵاتەکە گفتوگۆ بکات.
 
یەکێتیی ئەورووپا هاوشێوەی بەریتانیا و ئەمریکا هێشتا بە تەواوی لە (هەتەشە) دڵنیانین، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گرووپە چەکدارەکە لە لیستی تیرۆر دایە و پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو. 
 
هەتەشە لەوکاتەوە بە زمانێکی نەرمتر قسە دەکات و بەڵێنیداوە پێکهاتە و کەمینەکانی سووریا بپارێزێت، ئاشتی بۆ سووریای دەورەدراو بە جەنگ بگەڕێنێتەوە، هەروەها دادپەروەری بۆ قوربانییانی جەنگی ناوخۆی سووریا دەستەبەربکات.
 
هەمان رۆژ، گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە دیمەشقەوە رایگەیاند، سووریا پێویستی بە راگواستنێکی "متمانەپێکراو و گشتگیر" هەیە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێدرسن لەگەڵ ئەحمەد شەرع کە بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسراوە و سەرۆکی هەتەشەیە، کۆبووەتەوە. پێدرسن هەروەها کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەممەد بەشیر، سەرۆکوەزیرانی کاتیی سووریا کرد.