لە خۆپێشاندانەکانی ئوردن ئەفسەرێکی باڵای پۆلیس کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی باڵای ئوردن لە باشووری وڵاتەکە کوژرا و دوو پۆلیسی دیکەش برینداربوون، لەکاتێکدا بۆ ماوەی چەند رۆژێکە خۆپێشاندەران لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی رژاونەتە سەر شەقامەکان.
رۆژی هەینی 16ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەقید عەبدولڕەزاق دەلابیح، جێگری بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای مەعانی باشووری ئوردن لە ناوچەی حوسەینییەی پارێزگاکە بە گولـلەی "تێکدەران کوژراوە."
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، ئاسایش رایگەیاند، دوو ئەفسەری دیکەی پۆلیس لە کاتی "هێورکردنەوەی خۆپێشاندانەکان لە هەمان شوێن تەقەیان لێکراوە و برینداربوون."
ژمارەیەک پارێزگای باشووری ئوردن لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەستیان بە مانگرتن کردووە. مانگرتنەکە بە دەستپێشخەری شۆفێرانی بارهەڵگر دەستیپێکرد. دواتر رۆژی چوارشەممە، بەشێک لە بازرگانەکان چوونە ریزی مانگرتنەکەوە.
لە بەشێکی ناوچەکاندا، خۆپێشاندەران بە سووتاندنی تایە رێگاکانیان داخستووە و گرژی کەوتووەتە نێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر نرخی سووتەمەنی لە ئوردن دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بەتایبەتیش نرخی گازوایل کە لەلایەن بارهەڵگر و پاسەکانەوە بەکاردەهێندرێت.
حکومەتی ئوردن پێشنیازی گرتنەبەری چەند رێکارێکی کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانە کەمدەرامەتەکان بدات.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئوردن گوتی کە پارێزگاریی لە ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێزی گونجاو لە دژی تێکدەران" بەکاردەهێنێت.
هۆشداریشیدا لەوەی کە "بە بۆکسێکی ئاسنینەوە لە هەر کەسێک دەدەین هەوڵبدات هێرشبکاتە سەر ژیان و موڵکی گشتی و هەڕەشە لە نیشتیمان و هاووڵاتییانمان بکات."
ئوردن چەند قەرزدارە؟
ئەمریکا، کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئوردنە، رۆژی پێنجشەممە لە باڵیۆزخانەکەی لە عەمانی پایتەخت رایگەیاند کە ستاف و بەرپرسەکانی رێگەپێدراو نین بچنە پارێزگاکانی کەرەک، تەفیلە، مەعان و عەقەبە. هۆکارەکەشی بۆ خۆپێشاندان لەو پارێزگایانە گەڕاندەوە.
بەگوێرەی بانکی نێودەوڵەتی، 23٪ـی دانیشتووانی ئوردن بێکارن و باس لەوەش دەکات، قەرزە دەرەکییەکانی سەر وڵاتەکە گەیشتوونەتە 41.8 ملیار دۆلار. ئەوەش لەکاتێکدایە کە قەرزەکان بۆ ساڵی 2020، 38 ملیار دۆلار بوون.
شانشینی هاشمیی ئوردن بەشێوەیەکی بەرفراوان پشت بە هاوکاریی دەرەکی دەبەستێت کە وەکو هاوکاریی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان و میوانداریکردنی پەناخوازان پێیدەدرێت. لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی نێوان 2023 تاوەکو 2029 بڕی 10.15 ملیار دۆلار دەبەخشێتە وڵاتەکە.
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمیشدا، هەردوو وڵاتەکە رێککەوتنێکیان واژۆکرد و عەمان رایگەیاند، ئەمریکا ساڵانە بڕی 845 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاریی دارایی دەداتە ئوردن.
جگە لەوەش، نەتەوە یەکگرتووەکان 675 هەزار پەناخوازی سووریایی لە ئوردن تۆمارکردووە کە لەدوای ساڵی 2011ـەوە بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریاوە دەربەدەربوون. هەرچی بەرپرسانی ئوردنە، دەڵێن کە ژمارەی پەناخوازان زۆر لەوە زیاترە و خەرجییەکانیان بە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.