پشکى ئاوى هەر تاکێکی دانیشتووی غەززە 97% کەمى کردووە

رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم عەلوان 10 مانگە لە غەززە ئاوارە بووە و رۆژانە لە گەشتێکى تاقەتپڕوکێن و بەردەوامدایە بۆ دەستکەوتنى ئاو.

 

ئیبراهیم عەلوان، بە رووداوی گوت "ئێمەى ئاوارە، رۆژانە گیرۆدەی دەستکەوتنى ئاو و پیسبوونی ئاوین؛ ناچارین بەکاریبهێنێن بۆ شووشتن و پاککردنەوە، هەموو رۆژێک ناچارین چەند کاژێرێک لە نۆرەدا چاوەڕێى دەستکەوتنى ئاو بکەین، ئاوەکەش پیس و کەمە، بەڵام جێگرەوەمان نییە." 
 
کێشەکە تەنیا بۆ ئاوارەکانی خێوەتگە و ناوەندەکانى داڵدەدان نییە، بەڵکو ئەوانەشی گرتووەتەوە کە گەڕاونەتەوە ناوچە وێرانبووەکانیان.
 
رەفیق شێخ، هاووڵاتییەکی بەتەمەنی دانیشتووی شارى خان یونسە، ناچارە رۆژانە چەند کاژێرێک بە پێ رێبکات بۆ ئەوەى ئاوى خواردنەوەى دەستبکەوێت. بەگوێرەی دەسەڵاتى ئاوى فەلەستینى، "پشکى ئاوى هەر تاکێکی دانیشتووی غەززە 97% کەمى کردووە."
 
رەفیق شێخ دەڵێ "تەمەنم 67 ساڵە و ناچارم رۆژانە لە ماڵەوە بە پێ بێم بۆ ئەم شوێنە بۆ ئەوەى ئاوى خواردنەوەم دەستبکەوێت، ئەو رێگەیە بۆ من دوورە، بۆ ئەوەى بتوانم دەبەیەک ئاو پڕ بکەم. داوا دەکەین جەنگ رابگیرێت و ئاو هاوشێوەی پێشتر دەستبکەوێتەوە؛ ئەوەش لە رێگەى چاککردنەوەى هێڵەکانى گواستنەوەى ئاو و گەیشتنى ئاوى خواردنەوە و ئەو ئاوەى بۆ شووشتن بەکارىدەهێنین لە ماڵەکاندا." 
 
بەگوێرەى نووسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە، 700 بیرى شارەکە بەهۆى بۆردوومانى ئیسرائیلەوە لەکارکەوتوون، ئەو ئاوەى ئێستا هەیە 10% بۆ 20%ـی ئەو بڕەیە، کە بەر دەستپێکردنى جەنگ هەبووە.
 
نەبیل عەبد، ئاوارەیەکی دیکەی کەرتی غەززەیە و دەڵێت، "هەر کەسێک لێرە لە کەرتى غەززە رۆژانە پێویستى بە سێ بۆ چوار کاژێرە بۆ ئەوەى ئاوى خواردنەوەى دەستبکەوێت، بۆیە دەپرسم کەى ئەم کۆژانە کۆتایی دێت، کە گەلەکەمانى تێدایە و بێبەش کراوە لە هەموو شتێک؟ 13 مانگ بەسەر جەنگدا تێپەڕیوە و هێشتا گەلى فەلەستین گیرۆدەى کەمیی ئاو و خۆراکە." 
 
بەگوێرەى نەتەوە یەکگرتووەکان، 67%ـی ژێرخانى ئاوى غەززە لەماوەى جەنگدا وێران بووە، یان زیانی بەرکەوتووە.