سوپای ئیسرائیل: تاوەکو ئێستا 370 سەربازمان کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل ئاماری قوربانیانی راگەیاند و دەڵێت، تاوەکو ئێستا 370 سەربازیان کوژراون. ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە کوژرانی 2 سەرباز و برینداربوونی چەندینی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی غەززە راگەیاند.
 
بە کوژرانی ئەو دوو سەربازە، کۆی ئەو سەربازانەی لەوەتەی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەیان بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە، گەیشتە 51 کەس، بەگشتیش لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە لەوکاتەی حەماس هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، 370 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
 
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 16-11-2023) رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانێکدا رۆژی سێشەممە لە باکووری غەززە، دوو سەربازیان کوژران و چەند سەربازێکیشیان بە سەختی برینداربوون.
 
میدیای فەرمی سوپای ئیسرائیل ناوی سەربازەکانیشی بڵاوکردووەتەوە، یەکێکیان ناوی نەقیب عومری یوسف دەیڤد، تەمەن 27 ساڵە، ئەوەی دیکەیان ئیدیا ئاشر لیف، تەمەنی 26 ساڵە.
 
وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززەش ئاماری خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە، نزیکەی 11 هەزار و 500 کەس کوژراون، لەنێویاندا 4 هەزار و 710 منداڵ و 3145 ژن و 685 کەسی بەتەمەن هەن.
 
هەر لە سەرەتای هێرشی زەوینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 3 هەزار و 640 کەس بێسەروشوێن بوون، 1770 منداڵ هێشتا لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندان.