پەرلەمانی لوبنان زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ سێ هێندە پەسنددەکات


رووداو-هەولێر

پەرلەمانی لوبنان بڕیاری زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان و سەربازانی لوبنانی بۆ سێ هێندە پەسند کرد، ئەمە لە کاتێکدایە، وەزیری دارایی لوبنان دەڵێت، هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 100٪.
 
میدیای فەرمیی لوبنان ئەمڕۆ هەینی 16/9/2022 بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پەسندکردنی بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2022ی لوبنان، پەرلەمان بڕگەی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان و سەربازانی لوبنانی بۆ سێ هێندە پەسندکرد.
 
یوسف خەلیل، وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایگەیاند: "هەڵاوسان لە لوبنان گەیشتووەتە زیاتر لە 100٪، هەروەها زیاتر لە چوار ساڵە لوبنان دووچاری سستبوونی ئابووری بووە".
 
وەزیری دارایی لوبنان گوتیشی: "خەرجیی لوبنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا لە نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی 974 ملیۆن دۆلار کەمکرایەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی بودجەی 2022ی لوبنان بگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی، واتا 36٪ی تێکڕای خەرجییەکان".
 
دوای تێکچوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان بەهۆی کشانەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی لوبنان کە تایبەت بوو بە پەسندکردنی بودجەی گشتی، نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بڕیاریدا کۆبوونەوەکە بۆ 26ی ئەم مانگە دوابخات.
 
زیاتر لە دوو ساڵە ئابووریی لوبنان دووچاری داڕمانێکی گەورە بووەتەوە کە لە مێژووی خۆیدا رووینەداوە. یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەو داڕمانە دابەزینی بەهای دراوی لوبنانە بە رێژەیەکی پێوانەیی بەرامبەر دۆلار بە رادەیەک بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئەو وڵاتە ناتوانن خۆراکی پێویست بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.
 
ئەم زیادکردنەی مووچە لە لوبنان لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ 10 رووداوی هەڵکوتانی مامەڵەکاران بە چەک و بەبێ چەک بۆ سەر بانکەکان لە لوبنان تۆمار کراون، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو مامەڵەکارانە داوای پارەکانی خۆیان دەکەن کە لەو بانکانە دایانناون، کەچی ئێستا بانکەکان ئامادەنین ئەو پارەیە بە یەکجار و بە دۆلار بدەنەوە خاوەنەکانیان.
 
کۆمەڵەی بانکەکانی لوبنان دەڵێت، بە هۆی زۆربوونی مەترسییە ئەمنییەکانەوە بڕیاریانداوە هەموو بانکەکانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە رۆژانی 19 و 20 و 21ی ئەم مانگە دەوامیان هەڵپەسێرن.