بۆچی لوبنان رێگەی بە نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان نەدا؟

16-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، ئەمریکا هۆشداریی بە لوبنان داوە رێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکەکانی ئێران نەدات، بە پێچەوانەوە دەکرێت ئیسرائیل بیانخاتە خوارەوە، بۆیە هەفتەی رابردوو، بەیرووت رێگری لە نیشتنەوەی دوو فڕۆکەی ئێرانی کردووە. 
 
فڕۆکەی یەکەم رۆژی پێنجشەممە بووە، کاتێک لوبنانییەکان هەواڵیان بە ئێران دا پێویستە گەشتەکانیان بۆ بەیرووت رابگرن. 
 
بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی گوتووە: "لە رێگەی ئەمریکییەکانەوە، ئیسرائیل بە لوبنانی راگەیاند، ئەگەر فڕۆکە ئێرانییەکە لە لوبنان بنیشێتەوە، فڕۆکەخانەکە دەکەنە ئامانج. لایەنی ئەمریکی بە لوبنانییەکانی راگەیاند، ئیسرائیل لەم هەڕەشە رژدە."
 
دوای ئەو هۆشدارییە وەزارەتی گواستنەوەی لوبنان راوێژی بە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کرد و رەتیکردەوە مۆڵەت بە گەشتە ئاسمانییەکە بدات.
 
پەیامەکە پێش ئەوەی فڕۆکەکە بفڕێت بە لوبنانییەکان درابوو.
 
رۆژی هەینی، رێگە بە فڕۆکەیەکی دیکە نەدرا لە ئێرانەوە بەرەو بەیرووت بفڕێت. لە کاردانەوەی ئەوەدا، لایەنگرانی حیزبوڵڵا خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی فڕۆکەخانەی بەیرووتیان داخست، کە تاکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەیە. 
 
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رۆژی شەممە گوتی: "ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەیرووت لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. سەلامەتی گەشتیاران و هاووڵاتییانی لوبنانیش سازشیان لەسەر ناکرێت".
 
ئیسرائیل چەندین جار حیزبوڵڵای تۆمەتبارکردووە بەوەی فڕۆکەخانەی بەیرووت بۆ هاوردەکردنی چەک لە ئێرانەوە بەکاردێنێت. بزووتنەوەکە و سەرکردەکانی لوبنان تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە. 
 
لە 27ی تشرینی دووەمەوە، ئاگربەستێکی لەرزۆک چووەتە واری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە نزیکەی یەک ساڵ شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بهێنرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە