رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند کۆمەڵێک مووشەکی گەورەیان بەدەستگەیشتووە کە ئەمریکا ناردوونی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یەکەم سەردانی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ "کاروانەکە شەو گەیشت و، پێکدێت لە مووشەکی گەورە کە بەم دواییە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە نێردراون."
بۆمبەکان لە جۆری ئێم کەی (مارک)84ـن و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، فەرمانی ناردنیانی دەرکردبوو.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ "ئەو بۆمبانەی ئیدارەی ترەمپ فەرمانی کردبوو بنێردرێن، گرنگن بۆ هێزەکانی ئاسمانیی ئیسرائیل و جەختکردنەوەیە لە هاوپەیمانیی بەهێزی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
ئیدارەی ترەمپ، لە مانگی شوبات دا رەزامەندیی دابوو بە فرۆشتنی بۆمب، مووشەک و کەرەستەی جەنگی بە بەهای 7.4 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل، کە لە دژی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بەکاریدەهێنێت.
ئاژانسی هاوپەیمانیی ئەمنیی بەرگری، ئەوکاتە رایگەیاندبوو، ئەو رێککەوتنە "توانای ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو زیاتر دەکات و، دەبێتە هۆکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هەرێمییەکان."
لە 19ـی کانوونی دووەم، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست رێککەوتن بە مەرجی ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس، لەبەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا.
بەهۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس لە کەرتی غەززە کە ژمارەیەکی زۆریان هاووڵاتییانی مەدەنی بوون، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گەیاندنی چەکی قورسی بە ئیسرائیل راگرت، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ رەزامەندیی بۆ ناردنیان نیشاندا.
مارکۆ رۆبیۆ، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-2-2025) سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئیسرائیل دەستیپێکرد و کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە، لەماوەی سەردانەکەیدا چەندین بەرپرسی دیکەی ئیسرائیل دەبینێت.
یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیسرائیل، پلانەکەی دۆناڵد ترەمپە بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە بۆ میسر و ئوردن، پلانێک کە کاردانەوەی نەرێنیی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لێ کەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ