شەڕ گەیشتە دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە کە 650 نەخۆشی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لە دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە چڕ بووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان، 650 نەخۆش لەنێو نەخۆشخانەکەدا هەن کە زیاتر لە 40یان کۆرپە و منداڵن.
نەخۆش و پیر و پەککەوتە لە ژوورەوەن و شەڕیش گەیشتووەتە دەروازەی نەخۆشخانەکە، کێبڕکێیە لەگەڵ کات بۆ بردنەدەرەوەی کۆرپەکان و پاراستنیان لە بۆردوومان.
ئیسرائیل دەڵێت، دڵنیان لەوەی حەماس نەخۆشخانەکە و ژێرزەمینەکەی وەکو بنکەیەکی سەربازی بەکاردەهێنێت و بە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشخانەی شیفا، تەواوی باکووری غەززە دەکەوێتە دەستیان.
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "لەژێر نەخۆشخانە و لەژێر زەمینەکەی سەنتەری فەرماندە و کۆنترۆڵی حەماس و پشتێنەی بۆمبڕێژکراو و نارنجۆک و ئەی کەی 47 و تەقەمەنی و چەک و کۆمپیوتەر و پارەو شتی دیکەمان دۆزیوەتەوە، بەڵگەمان دەستکەوتووە کە حەماس بارمتەکانی لێرە دەستبەسەرکردووە".
ئیسرائیل هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی نەخۆشخانەی شیفا دەدات، ئەگەر حەماس لەنێو نەخۆشخانەکە شەڕ بکات، مەترسی گەورە لەسەر نەخۆش و برینداران درووستدەبێت.
عیزەت رەشق، سەرکردەی حەماس دەڵێت، "هەوڵەکانی نەتەنیاهوو و سوپا تێکشاوەکەی و دیمەنی چوونەژوورەوەی تانکەکانیان و هەڵکوتانی سوپا تێكشاوەکەیان بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا، وەک ئەوەی بڵێی دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، لە سیاسەتێکی هەرزەکارانە زیاتر هیچی دیکە نییە. نەخۆشخانەی شیفا تەمەنی لە داگیرکار گەورەترە. نەخۆش و بریندار و پزیشک و پەرستاری تێدایە هەروەک چۆن ئاوارەی تێدایە لە منداڵ و ژن و بەتەمەن. گەیشتنی تانکەکانیان بە نەخۆشخانەی شیفا دەستکەوت نییە. شیفا پەناگەی خەڵکی سڤیلە نەک بنکەیەکی سەربازی".
هەواڵگری ئەمریکاش پشتڕاستی دەکاتەوە حەماس نەخۆشخانەکان وەکو بنکەی سەربازی بەکاردەهێنن، بەڵام جەختیش دەکاتەوە دەبێت ئەو شوێنانە لە شەڕ پارێزراو بن.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "ئێمە پاڵپشتی لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانە ناکەین و ناشمانەوێت ببینین شەڕ بکەوێە نێو نەخۆشخانە کە خەڵکی بێتاوان و بێچارە و نەخۆش تێیدا چارەسەری پزیشکی پێویست وەردەگرن، نامانەوێت لەنێو شەڕدا گیربخۆن. نەخۆشخانەکان و نەخۆشخان دەبێت پارێزراوبن".
نەخۆشخانەی شیفا دەکەوێتە بەشی باکووری کەرتی غەززە، وەکو سوپای ئیسرائیل ئاشکراشیکردووە، لە قۆناخی یەکەمدا بەنیازە بەشی باکووری کەرتەکە کۆنترۆڵ