درۆنی ئێرانی؛ سەرچاوەی هێرشەکانی رووسیا لە ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی رووسیا لە ئۆکراینا زیادیکردووە بە تایبەتی لە رێگەی درۆنەوە کە دەگوترێت ئێرانین.
رۆژی سێشەممە 11-10-2022، ڤۆلۆدمێیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "دوژمن زیاتر لە 100 مووشەکی کروز و 12 جۆری جیاواز درۆنی بەکارهێناوە لەنێویان درۆنی شاهیدی ئێران. هەموو 10 خوولەک جارێک، پەیامم پێدەگات بەوەی دوژمن درۆنی شاهیدی ئێرانی بەکارهێناوە."
لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا، رووسیا پشتی بە درۆنی ئێرانی بەستووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە مانگی رابردووەوە، مۆسکۆ داوای دوو هەزار و 400 درۆنی ئێرانی کردووە، بەڵام سوپای ئۆکراینا دەڵێن، رووسیا رۆژانە 6 درۆنی ئێرانی لە هێرشەکانیاندا بەکاردەهێنن و توانیویشیانە 60%ی درۆنە ئێرانییەکان تێکبشکێنن.
ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، تاران سێ جۆر درۆنی بۆ رووسیا دابینکردووە کە ئەوانی شاهید-136 و کاماکازی و موهاجیر-6ـن کە رووسیا بۆ مەبەستی هێرشکردن و چاودێریکردنی جموجۆڵی سەربازانی ئۆکراینی بەکاریهێناون.
لەگەڵ بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن سوپای رووسیاوە، وڵاتانی رۆژئاواش لە هەوڵدان بۆ پاراستنی ئۆکراینییەکان لە درۆنی ئێرانی.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە 12-10-2022، باسی لەوە کرد، "ئێمە رادار و سیستمی دژی مووشەکیان بۆ دابین دەکەین بۆ پاراستنیان، بەتایبەتی لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان. لە چەند هەفتەی داهاتووشدا ئەو کارە دەکەین و چەکیان بۆ دابین دەکەین، هاوکات مەشقیش بە هێزەکانیان دەکەین."
درۆنی شاهیدی ئێرانی کە رووسیا زۆرترین کات لە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا بەکاریهێناوە سێ جۆری هەیە و تائێستا لە جەنگی یەمەن و ئۆکراینا و لە هێرشەکانی مانگی رابردووی سەر هەرێمی کوردستان بەکارهێنراون.