چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ دوو ملیۆن حاجی لە کێوی عەرەفە ئامادە بن

 
رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لە دەرەوەی سعودیەوە روویان لەو وڵاتە کردووە بۆ ئەوەی فەریزەی حەج بەجێبگەیێننن. بەرپرسانی سعودیەش دەڵێن کۆی گشتیی حاجیان گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن حاجی و پێشبینی دەکەن ژمارەکە دوو ملیۆن کەس تێپەڕێنێت. ئەمڕۆ حاجیان رۆژەکەیان لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەر دەبەن. 
 
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن. بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاوبێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات.  
 
رۆژی هەینی کە دەکاتە 8ـی (ذو الحجة)ی 1445ی کۆچی، رێوڕەسمی حەجی ئەم ساڵ بە تەوافکردن بە دەوری بەردە رەشەکەی کەعبەی پیرۆز دەستیپێکرد.  لەدوای کێوی عەرەفە، رۆژی یەکشەممە، کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، حاجیان دەچنە موزدەلیفە لە مینا، ئەو شوێنەی کە رووکنی بەردبارانکردن (رەجمکردن)ی ئەهریمەن بەجێدەگەیێنن. 

 

 
وەرزی حەجکردن پشت بە رۆژژمێری کۆچی دەبەستێت؛ بەو پێیەش، حەجکردنی ئەم ساڵی حاجیان لەکاتێکدایە کە پلەی گەرما لە مەککە دەگاتە نزیکەی 45 پلەی سیلیزی. 
 
موسڵمانان لەژێر پلەی گەرمییەکی تاقەتپڕووکێندا پۆل پۆل بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی روکنێکی بەجێبگەیێنن و لەوێ راز و نزای خۆیان بکەن. سیمایەکی دیاری چوونی حاجیان بۆ کێوی عەرەفە نزاکردنە بۆ غەززە. 
 
حاجیانی ماڵی خودا، بە بەرگێکی سپییەوە لە بەرەبیانی ئەمڕۆیەوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتن. کێوە بەردینەکە بە (کێوی میهرەبانی- جبل الرحمة)ش دەناسرێت، 70 مەتر بەرزە، ئەو شوێنەیە کە پەیامبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) گوتاری ماڵئاوایی بۆ موسڵمانان خوێند. 
 

محەممەد عەسیر، حاجییەکی میسریی 46 ساڵانە، لیستێکی نزای بۆ خۆی ئامادە کردووە و بردوونیەتی کێوی عەرەفە. دەڵێت: "ئەمڕۆ گرنگترین رۆژە. من نزا بۆ فەلەستینییەکان دەکەم. لە خودا داواکارم نزاکانم گیرا بکات."  
 
باسکردنی جەنگی غەززە سیمایەکی دیاری نێو حاجیانی ئەم ساڵە. ئەو جەنگەی بە هێرشێکی لەناکاوی کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی هەزار و 194 کەس. لە وەڵامی ئەوەشدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی کەرتی غەززە کردووە. تاوەکو ئێستا بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینی، لانیکەم 37 هەزار و 266 کەس کوژاون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 
 
هەفتەی رابردوو، تەوفیق رەبیعە، وەزیری کاروباری حەج-ی سعودیە هۆشداری دا لەوەی لە کاتی حەجکردن کە "هیچ چالاکییەکی سیاسی" رێگەپێدراو نییە. 
 
بەڵام داواشی کرد "نزا بۆ برا فەلەستینییەکانمان لە غەززە بکەن. خودا موسڵمانان سەربخات." 
 

لەلایەکی دیکەوە، لە پەیامێکدا بۆ حاجیان، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی شەممە گوتی: "دەبێت بەرخودانی پۆڵایینی فەلەستین و خەڵکی چەوسێندراوی غەززە لە هەموو روویەکەوە پاڵپشتی بکرێت."
 
بەگوێرەی حکومەتی سعودیە، بۆ حەجی ئەم ساڵ نزیکەی دوو هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی لەسەر بانگهێشتی تایبەتی شا سەلمان، پادشای سعودیە حەج دەکەن. 
 
گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن 
 
حەج کە بە گەورەترین کۆبوونەوەی ئایینی دادەنرێت لە جیهاندا، ئەم ساڵ لەکاتێکدایە کە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی سعودیە، هەر 10 ساڵ پلەی گەرمای ناوچەکە 0.4 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە. 
 

رووکنەکانی حەج کە لانیکەم پێنج رۆژ دەخایێنن، بە زۆری لە دەرەوە دەکرێن، واتە لەبەر خۆرەتاو. ئەوەش ئەرکی حاجیان زیاتر قورس دەکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، پلەی گەرما لە مەککە بگاتە 43 پلەی سیلیزی. 
 
ئیبراهیم حەوا، حاجییەکی تەمەن 26 ساڵی غاناییە، دەڵێت: "ئەرکەکە ئاسان نییە، چونکە کەشەکە زۆر گەرمە. راستە خۆرەکە گەرمە، بەڵام بەوشێوەیەش نییە. لە كێوی عەرەفە لە خودا دەپارێمەوە. چونکە پێویسم بە هاوکاریی ئەوە."  
 

لە رۆژی عەرەفە، بەشێکی زۆری موسڵمانانی جیهان بەرۆژوو دەبن. بەڵام لەو رۆژەدا حاجییان بە رۆژوو نابن. بەرپرسانی سعودیە داوایان لە حاجیان کردووە بڕێکی زۆری ئاو بخۆنەوە و چەتر هەڵبگرن. 
 

بەگوێرەی بەرپرسانی سعودیە، ساڵی رابردوو، 10 هەزار حاجی بەهۆی گەرمای زۆرەوە نەخۆش کەوتن یانیش تووشی تەنگەنەفەسی بوون. 
 
بەرپرسانی سعودیە دەڵێن، ساڵانە سەروو 30 هەزار کارمەندی تەندروستی و هەزاران ئەمبوڵانس ردەسپێرن بۆ ئەوەی خزمەتی حاجیان بکەن و بۆ هەر رووداوێکی پەیوەست بە تەندروستیی وەکو جەڵتەی دڵ، وشکبوونەوەی پێست و بوورانەوە ئامادەبن.
 

ساڵی رابردوو، زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار کەس بۆ فەریزەی حەج روویان لە مەککە کرد، 90٪ـیان لە دەرەوەی سعودیەوە چووبوون. هاوکات، 13.5 ملیۆن کەس بۆ بەجێگەیاندنی عومرە روویان لەو وڵاتە کردبوو. وڵاتەکە پلانی هەیە ساڵی 2030 پێشوازی لە 30 ملیۆن عومرەکار بکات. 
 
فەریزەی حەج چۆن بەڕێوەدەچێت؟ 
 
رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی رێوەڕەسمەکانی حەج، حاجیان دەگەنە مەککە و نیەتی حەجکردن دێنن. رۆژێک دواتر، تەوافی دەوری کەعبەی پیرۆز دەستپێدەکات. دواتر لە هەمان رۆژدا ئەرکی سەفا و مەروە بەجێدەگەیێنن کە حەوت جار هاتن و چوونە لەنێوان گردۆڵەی سەفا و مەروە. پاشان بەرەو مینا بەڕێدەکەون کە هەشت کیلۆمەتر لە کەعبەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. 
 

رۆژی 9ـی (ذو الحجة) حاجیان لە میناوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون کە دووریی نێوانیان 16 کیلۆمەتر دەبێت و رۆژەکە لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەردەبەن. ئێوارەی هەمان رۆژ، حاجیان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. 
 
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی بەردباران (رەجم)ی ئەهریمەن بکەن و دواتر قوربانی دەکەن. لە رۆژی چوارەم تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن. دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی ئەهریمەن بکەن و بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی (مناسک)ی حەج دێنن.