ئیسرائیل و بەحرەین باسی هاوئاهەنگیی سەربازی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی بەرگری ئیسرائیل و بەحرەین پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کرد و تێیدا لەبارەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە باسی هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنیی هەردوولایان کرد.
راگەیاندنەکانی بەحرەین بڵاویان کردووە کە عەبدوڵڵا بن حەسەن نعێم، وەزیری بەرگریی بەحرەین و بینی گانتس، وەزیری بەگریی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە هاوبەشی و هاوئاهەنگیی سەربازیی هەردوولا کردووە.
هەروەها گانتس لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا نعێمیی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ئیسرائیل بکات، بەڵام کاتی ئەو سەردانە هێشتا دیاری نەکراوە.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە راگەیێندراوێکدا بەرگری لە رێککەوتنی رۆژی هەینیی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل کردووە و دەڵێت، رێککەوتنەکە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەحرەیندا کراوە و بە هیچ جۆرێک پشتکردن نییە لە پرسی فەلەستینی.
هەر هەمان رۆژ وەزیرانی بازرگانی و گەشتوگوزاری هەردوولاش پەیوەندیی تەلەفۆنییان کردووە و باس لەوەش کراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستی نوێی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان بەحرەین و ئیسرائیلدا واژۆ دەکرێت.
رۆژی 11ی ئەیلوول بەحرەین رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و بەوەش بووە دووەمین وڵاتی کەنداو و چوارەمین وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
بڕیاریشە رۆژی سێشەممە 2020/09/15 لە رێوڕەسمێکدا لە واشنتن بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ئسیرائیل و وەزیرانی دەرەوەی بەحرەین و ئیمارات رێککەوتنی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بە فەرمی واژۆ بکرێت و دەست بە هەنگاوە کردارییەکانی هەردوو رێککەوتنەکە بکرێت.