لە غەززە کچە خوێندکارێک چیرۆکی بۆردوومانکردنی ماڵیان بۆ رووداو دەگێڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر ماڵێک لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، لە ژێر داروپەردوودا، دەیان کەس کوژران و برینداربوون. سوعاد-ی تەمەن 18 ساڵ لە ژێر هەمان داروپەردوودا دەرهێندرا. تۆڕی میدیایی رووداو لە ماڵی پووری، چاوی بە سوعاد کەوت و گوێی لە چیرۆکی ئازارەکانی گرت.
 
سوعاد حەسونە، رزگاربووی بۆردوومانێکی ئیسرائیلە و دەڵێت، "لەگەڵ خێزانەکەم نانی ئێوارەمان دەخوارد. دوای نانخواردن لەگەڵ ئامۆزاکەم چووینە ژووری دایکم و خێزانەکەشم ژەمی ئێوارەیان تەواوکرد. دواتر لەناکاو بۆردوومانەکە روویدا، نەمانتوانی هەڵبێین و خۆمان رزگاربکەین، کەوتینە ژێر داروپەردووەکان." 
 
ئەو كچە بەردەوام دەبێت لە باسکردنی کاتی بۆردوومانەکە و دەڵێت، "دواتر تیمەکانی فریاگوزاریی هەڵیانگرتین و بردیانین بۆ نەخۆشخانە. چارەسەری برینەکانیان کردم و داوامکرد بمبەنە لای دایک و برا بچووکەکەم کە تەمەنی پێنج ساڵە. دایکم زیانی زۆر بە قاچی کەوتووە."
 
لە بۆردوومانی ماڵی سوعاد و ماڵەکانی دراوسێیاندا، 10 کەس لە خێزان و دراوسێیەکانی کوژران. سوعادیش فرمێسک بۆ لەدەستدانی ئازیزانی دەڕێژێت و لە خەمی کەسوکارەکەیدایە کە لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن.
 
سوعاد حەسونە گوتیشی، "ئەحمەدی برام تەمەنی پێنج ساڵە، دەست و سەری برینداربوو. براکانی دیکەشم عومەر و عەرەفات ئەوانیش بە سەختی برینداربوون. باوکم لە قاچییەوە برینداربوو. ئێمەیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەوروپی لە غەززە." 
 
سەرباری بەسەرهاتەکەی، سوعاد دوای رووداوەکە په‌یوه‌ندیی به‌ زانكۆیه‌كی ناوخۆیی كرد بۆ خوێندنی پزیشكی. 
 
رزگاربووەکەی بۆردوومانی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، "سەرەڕای ئەو بۆردوومان و وێرانکارییەی کە تووشی بووین و ئەو ئازارانەی بەدەستیانەوە دەناڵێنین، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانمان سڵمان نەکردووە. بەردەوام دەبم لە ژیان و تێدەکۆشم تاوەکو خەون و ئاواتەکانم بەدیدێنم. دەبمە پزیشکی ددان و نیشتمانم شانازیم پێوەدەکات."  
 
سوعاد، زۆربەی کات قورئانی پیرۆز دەخوێنێت و نزا بۆ دایک و باوک و براکانی دەکات کە لە نەخۆشخانەدا چارەسەر وەردەگرن. 
 
بۆردوومانەکەی ئیسرائیل رێگەی نەدا سوعاد بەردەوام بێت لە دڵخۆشییەکەی بە دەرچوونی لە قۆناخی دواناوەندیی و بەدەستهێنانی کۆنمرەی 94 و وەرگیرانی لە کۆلێژی پزیشکی. خۆشییەکەی کردە ناخۆشی، بەڵام سوعاد بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە ژیان و خوێندنی پزیشکی بۆ ئەوەی دووبارە خۆشیی بۆ بگەڕێتەوە.