دانیشتووانی غەززە مانگی رەمەزان لە دۆخێکی سەختدا بەڕێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی غەززە پێدەنێتە مانگی شەشەم و دانیشتووانی کەرتەکە کە ژمارەیان دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە مانگی رەمەزان لە دۆخێکی سەختدا بەڕێدەکەن. ئەوە لەکاتێکدایە کە هاوکاریی مرۆیی بەشێوەیەکی سنووردار بە کەرتەکە دەگات.
گرانیی ژیانی رۆژانەیان لەژێر بۆردوومانی چڕی سوپای ئیسرائیل بەڕێدەکەن، محەممەد قازی ئاوارەی رەفەحە؛ باس لە بەهای بەرزی خۆراک و برسێتی لە ناوچەی رەفەح دەکات.
محەممەد دەڵێت، "بەهۆی بەرزیی نرخەکان، خەڵک ئەو داهاتەی نییە پێداویستییەکانی رۆژانەیان بکڕن، بۆ نموونە کیلۆیەک تەماتە بە 15 شیگڵە، ژیانمان زۆر سەخت بووە، پێش جەنگەکە ئەگەر 50 شیگڵمان پێبوایە دەمانتوانی زۆربەی پێداویستیەکانمان پێبکڕین، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزی نرخەکان، 100 دۆلار تەنها بەشی چەند خۆراکێکی کەم دەکات."
خەڵک لەنێو کەرتی غەززە، بە تایبەتیش لە پارێزگای رەفەح کە زۆربەیان ئاوارە و بێکار و بێ داهاتن، بەرزیی نرخەکان وای لێکردوون، نەتوانن رووبەڕووی دۆخەکە ببنەوە.
مریەم حەنوون، ئاوارەی غەززەیە و دەڵێت، "بارودۆخی رەفەح زۆر سەختە، بەو پێیەی نرخەکان زۆر بەرزن و نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە، شیگڵێک 50 هێندە بێ بەها بووە، لە دۆخێکی سەختداین، تەنانەت ناتوانین خۆراکی سەرەتایی رۆژانە بۆ منداڵەکانم دابین بکەم، ئاو و خۆراک نییە و بە دەستهێنانیشی زۆر سەختە."
ئەمەل رازی، ئاوارەی باکووری غەززەیە و باس لەوە دەکات، هەموو شتێک گران بووە لەکاتێکدا ئێمە لە رەمەزانداین و بەڕۆژوو دەبین، بۆ نموونە قوتوویەکی فاسۆلیا بووەتە 5 شیگڵ، پەنیر بە 7 شیگڵە، هیچ شتێک نییە لە رەفەح بتوانین بیکڕین، نازانین چی بکەین، تەنانەت چایەش ناتوانین بخۆینەوە بەهۆی ئەوەی شەکر زۆر گران بووە."
راپۆرتە فەرمییەکانی فەلەستین و نێودەوڵەتیەکان هۆکارەکانی گرانبوونی نرخەکان دەگەڕێننەوە بۆ کەمیی هێنانی یارمەتییە مرۆییەکان، کە تەنها رێگە بە هێنانی 100 بارهەڵگر دەدرێت هاوکاری بگەیێننە کەرتی غەززە، لە کاتێکدا نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە دەڵێت رۆژانە پێوستیان بە هەزار بارهەڵگر هەیە.
ئاوارەکانی کەرتی غەززە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بوونەتەوە، بەتایبەتیش گرانیی نرخ، کە وایکردووە، ژیانی رۆژانەیان رۆژ بە ڕۆژ سەختتر بێت.