وەزیری دەرەوەی ئوردن بۆ رووداو: پێکەوەکارکردنی زۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

14-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن.
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن دەڵێت، پێکەوە کارکردنی زۆر لەنێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان هەیە کە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەمڕۆ هەینی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە شاری میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. 
 
ئەیمەن سەفەدی بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی گوت: "خۆشحاڵ بووم بە دیداری جەنابی سەرۆک و سڵاوی خاوەنشکۆ [شا عەبدوڵڵای دووەم]ـم پێگەیاند."
 
وەزیری دەرەوەی ئوردن هەروەها دەڵێت: "جەختم لە بەهێزیی پەیوەندیی نێوان شانشینەکەمان و عێراق و پابەندبوونمان بە پێشخستنی ئەم پەیوەندییە لەسەر هەموو ئاستەکان کردەوە. هەروەها لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوەکارکردنی زۆر هەیە کە بە پشتیوانیی خودا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە".
 
ئەیمەن سەفەدی راشیگەیاند: "سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکانمان نایابن و لە داهاتووشدا پێکەوەکارکردنی زیاتر دەبێت؛ پەیوەندییەکان مێژوویی و برایانەن، بە پشتیوانیی خودا بەردەوام بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەشدا دەڕۆن."
 
لە بارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی ئوردنی هاشمی کردەوە و ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری ئوردن لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی هەرێمیدا کرد؛ هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ئوردن دووپات کردەوە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئوردن پابەندیی وڵاتەکەی "بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد؛ هەروەها جه‌ختی له‌ گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوکاریی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەرێمییەکان کردەوە."
 
یەکێک لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئوردن، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش" بووە.
 
وەڵامی ئەیمەن سەفەدی بۆ پرسیاری ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو
 
"خۆشحاڵ بووم بە دیداری جەنابی سەرۆک و سڵاوی خاوەنشکۆ پاشام پێگەیاند. جەختم لە بەهێزیی پەیوەندیی نێوان شانشینەکەمان و عێراق و پابەندبوونمان بە پێشخستنی ئەم پەیوەندییە لەسەر هەموو ئاستەکان کردەوە. هەروەها لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوەکارکردنی زۆر هەیە کە بە پشتیوانیی خودا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە. هەروەها باسمان لە دۆخی هەرێمی کرد. سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکانمان نایابن و لە داهاتووشدا پێکەوەکارکردنی زیاتر دەبێت. پەیوەندییەکان مێژوویی و برایانەن، بە پشتیوانیی خودا بەردەوام بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەش دەڕۆن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە