رووداو دیجیتاڵ
لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە شەقامی سەرەکیی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان خۆپێشاندان دژی حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن کە رێگری لە نیشتنەوەی دوو فڕۆکەی ئێرانی کرد.
فەیسەل عەبدول ساتر، شرۆڤەکاری سیاسی نزیک لە حیزبوڵـڵا دەڵێت: "ئەم پرسە هەموو لوبنان و لوبنانییەکان نیگەران دەکات. ئەمە پەیوەندی بە سەروەرییەوە هەیە. ئەوانەی پاڵپشتی لە سەروەری لوبنان دەکەن پێویستە بزانن ئەم بڕیارە دژی پاراستنی سەروەریی لوبنانە، لە کاتێکدا سوێندی سەرۆکایەتی ئاماژە بەوەدەدات کە سەرۆک پێویستە سەروەریی لوبنان بپارێزێت".
رۆژی پێنجشەممە رێگری لە نیشتنەوەی یەکێک لە فرۆکەکان کرابوو، دەبووایە ئەمڕۆش فڕۆکەیەکی دیکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری بنیشێتەوە.
رۆژی 13ی شوبات، سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا کە ئێران و حیزبوڵڵا ئەو فڕۆکەخانەیەی بەیرووت بەکاردەهێنن بۆ پارەدارکردنی "رێکخراوە تیرۆرستییەکان" دژی وڵاتەکەی.
ئیبراهیم موسەوی، پەرلەمانتاری لوبنان نزیک لە حیزبوڵـڵا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رێگری لە نیشتنەوەی ئەو فڕۆکانە دەکرێت، چونکە مەترسی هەیە ئیسرائیل بە ئامانجیان بگرێت.
مەهدی فاحس، لایەنگری حیزبوڵڵا باس لەوە دەکات: "داوا لە حکومەتی لوبنان دەکەین رێگە بە هەموو فرۆکەیەک بدات لە تەواوی وڵاتانی جیهانەوە بێن. هەموو لوبنانییەک مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کێن و چین. ناکرێت ئەو هاووڵاتییە لوبنانیانە لە ئێران رابگیرێن، چونکە حکومەتی لوبنان نایەوێت وەریانبگرێتەوە."
بەڕێوبەریەتی فرۆکەوانی سڤیلی لوبنان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی هەندێک رێکاری ئەمنیەوە ئەو بڕیارە دراوە و گۆڕانکارییان لە کاتی نیشتنەوەی بەشێک لەو فرۆکانە کردووە کە دەگەنە وڵاتەکەیان بەوانەشەوە کە لە ئێرانەوە دێن.
بەگوێرەی بەرپرسانی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریریش، ئەم بڕیارە تاوەکو 18ی مانگ کاری پێدەکرێت کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتا رۆژی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و لوبنان. هەروەها گەشتی دوو فرۆکە ئێرانییەکەش بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ